تورکیا و سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری بەرگری واژۆ کرد

13-08-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگریی سووریا کۆبووەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری راهێنان و راوێژکاری واژۆ کردووە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی ئابی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سووریا کرد کە پێکهاتبوو لە مرهەف ئەبوو قەسرە وەزیری بەرگری؛ ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیری دەرەوە و حوسێن ئەلسەلامە، سەرۆکی هەواڵگریی سووریا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، باسی پرسە بەرگری و ئەمنییە دووقۆڵی و ناوچەییەکان کرا.
 
دوای کۆبوونەوەکە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و مرهەف ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری راهێنان و راوێژکاریی هاوبەش واژۆ کرد. هەمان رۆژ شاندەکەی سووریا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش کۆببووەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە