رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی قەتەر رایگەیاند، هێزە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە دوو مووشەکی ئاراستەکراو لە ئاسمانی دەوحەی پایتەختەکەی تێکبشکێنن. ئەمە دوای ئەوە دێت کە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناو جەرگەی شارەکەدا بیسترا و دەسەڵاتداران فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەیان بۆ چەند ناوچەیەکی سەرەکی دەرکرد.
رۆژی شەممە، 14-03-2026، وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا پشتڕاستی کردەوە، سوپاکەیان "هێرشێکی مووشەکییان بەرپەرچداوەتەوە" کە خاکی وڵاتەکەی کردبووە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر رایگەیاند، وەک رێکارێکی کاتیی خۆپارێزی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، چەند ناوچەیەکی ستراتیژییان چۆڵ کردووە. لە گەڕەکی موشەیریب کە ناوەندی دەوحەیە، هاووڵاتیان و گەشتیارانی ناو هۆتێلەکان لە رێگەی نامەی مۆبایلەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە "دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بچنە ناو پەناگەکان."
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و میوانانی هۆتێلەکان پەنایان بۆ گەراجە ژێرزەمینییەکانی ئۆتۆمبێل بردووە. هێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکاندا بڵاوبوونەتەوە و ئەو ناوچانەیان گەمارۆ داوە کە نووسینگە و بارەگای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکای وەک گووگڵ و ئەمێریکان ئێکسپرێسی تێدایە.
لە ناوچەی لوسەیل لە باکووری دەوحە، هێزێکی زۆری پۆلیس لەبەردەم بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای (Microsoft) جێگیرکراون. هەروەها لە ناوچەی غەرافە لە رۆژئاوای شارەکە، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە، دانیشتووان نامەی چۆڵکردنیان پێگەیشتووە. جێگەی ئاماژەیە کە حکومەتی قەتەر پێشتریش لە رۆژی 5ـی ئاداردا، باڵەخانەکانی دەوروبەری نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکای چۆڵ کردبوو.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، سوپای ئێران رۆژی چوارشەممە بە فەرمی رایگەیاند، بەرژەوەندییە ئابووری و تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج. میدیاکانی تاران بە راشکاوی ناوی کۆمپانیاکانی ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، گووگڵ و چەندین بانکی نێودەوڵەتییان وەک ئامانجی سەربازی هێنابوو.
ناوچەی کەنداو کە بە نەوت و گاز دەوڵەمەندە، ئێستا کەوتووەتە ناو جەرگەی هێرشە وێرانکەرەکانی ئێران، کە وەک تۆڵەیەک بۆ بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ