رووداو دیجیتاڵ
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و بازنەی ململانێکان تەواوی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە. لە چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکان لە قەتەرەوە تاوەکو بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بۆ سەر تاران و لوبنان، ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدایە.
قەتەر؛ فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلە
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر رۆژی شەممە 14-03-2026 فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلەی بۆ ژمارەیەک ناوچەی "سەرەکی و ستراتیژی" دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو چڕتر کردەوە. لە گەڕەکی (موشەیریب) لە ناوەندی دەوحە، هاووڵاتیان نامەی ئاگادارکردنەوەیان لەسەر مۆبایلەکانیان پێگەیشتووە کە دەڵێ: "بە مەبەستی وریایی، دەستبەجێ ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو نزیکترین شوێنی پارێزراو بڕۆن."
هێرشی هاوبەشی تاران و حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان شەپۆلێکی نوێی مووشەک و درۆنیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. دووکەڵ لە دوو شوێنی جیاوازی دەوروبەری تەلئەڤیڤ بەرزبووەوە، بەڵام دەزگەکانی فریاکەوتنی ئیسرائیل دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ قوربانییەکیان تۆمار نەکردووە.
کارەساتی تەندروستی لە لوبنان
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندێکی تەندروستی لە باشووری وڵاتەکە، لانیکەم 12 کارمەندی پزیشکی کوژراون. ئەمە دووەم هێرشی ئیسرائیلە بۆ سەر کەرتی تەندروستی تەنیا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 2ـی ئادارەوە 773 کەس لە لوبنان کوژراون. نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا جەختی کردەوە، گرووپەکەی ئامادەی "رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەنە" لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمریکا؛ ناردنی هێزی نوێ و پاداشتی دارایی
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی بەهێزکردنی هێزەکانیەتی لە ناوچەکەدا. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنرڵ بڵاویکردەوە، واشنتن کەشتییەکی جەنگیی هێرشبەر و یەکەیەکی مارێنزی رەوانەی ناوچەکە کردووە، کە نزیكەی 2,500 سەرباز لەخۆ دەگرێت.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاریی دیاری کرد بۆ هەر کەسێک، کە زانیاریی وردی لەسەر موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی تاران پێ بدات.
ئامارە سەربازییەکان و زیانە ئابوورییەکان
ئاماری بۆردوومان: سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا، 7,600 هێرشیان لە ناو ئێران و 1,100 هێرشیان لە ناو خاکی لوبنان کردووە.
نرخی نەوت: نرخی نەوتی برێنت لە سەرووی 100 دۆلار مایەوە و گەیشتە 103.14 دۆلار، کە بە رێژەی 42٪ لە دەستپێکی جەنگەوە گران بووە.
وەرزش: پێشبڕکێکانی فۆرمۆلا وەن (Formula 1) لە بەحرێن و سعودیە، کە بڕیار بوو لە مانگی نیساندا بکرێن، بەهۆی جەنگەوە هەڵوەشێنرانەوە.
تەقینەوە لە تاران
لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەیەکی حکومی لە تاران کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی تێدا بوو، چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک شوێنەکە روویاندا و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم کەسێک. سوپای پاسداران هۆشداری داوە، هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی ناوخۆیی بە تووندترین شێوە و "زۆر بەهێزتر لە مانگی کانوونی دووەم" وەڵامدەدەنەوە.
دوورگەی خارک بۆردوومانکرا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شەوی شەممە لە پەیامێکی بەپەلەدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کردووە و تێیدا دوورگەی خارکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی (خارک) کە گرنگترین ناوەندی ستراتیژیی ئێرانە، بە تەواوەتی لەناوبراون و وێران کراون. ترەمپ گوتی: "چەکەکانمان بەهێزترین و پێشکەوتووترینن کە جیهان تاوەکو ئێستا دیتبێتی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ