گۆتێرێز هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی 325 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارەکانی لوبنان رادەگەیێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێگە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا کراوەن، هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پاڵپشتیی لوبنان بکات.
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە لەکاتی سەردانێکیدا بۆ بەیرووت، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە، تەنیا دیپلۆماسی، گفتوگۆ و جێبەجێکردنی تەواوەتیی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبێت. رێڕەوە دیپلۆماسییەکان کراوەن، لەوانەش لەرێگەی رێکخەری تایبەتی من بۆ لوبنان و لەرێگەی وڵاتانی ئەندامەوە."
 
لوبنان هەفتەی رابردوو پەلکێشی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرا، ئەوەش کاتێک حیزبوڵڵا لە کاردانەوەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێراندا، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 
گۆتێرێز جەختی کردەوە، "ئێمە هەموو شتێک دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دەستبەجێی دۆخەکە و راگرتنی کاری دوژمنکارانە."
 
گوتیشی، "رێکخەری تایبەتم شەو و رۆژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆدایە بۆ هێنانە سەر مێزی گفتوگۆی لایەنەکان و هێزەکانی ئاشتیپارێزی (UNIFIL)یش لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە."
 
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر هێزە ئاشتیپارێزەکان، گۆتێرێز ئەوەی بە "تەواو قبووڵنەکراو" ناو برد و هۆشداریدا کە "رەنگە ببێتە تاوانی جەنگ." ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرەتای ئەم مانگە 3 سەربازی ئاشتیپارێزی غانا لە باشووری لوبنان بریندار بوون.
 
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی گەیشتە بەیرووت لە سەردانێکدا کە بە "هاوسۆزی" ناوی برد و هەڵمەتێکی بۆ کۆکردنەوەی 325 ملیۆن دۆلار راگەیاند بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی لوبنان.
 
رۆژی شەممەش داوای پاڵپشتیکردنی حکومەتی لوبنانی کرد کە ساڵی رابردوو بەڵێنی چەککردنی حیزبوڵڵای دابوو و گوتی، "پەیامی من بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە، بەشداریتان زیاتر بکەن، دەوڵەتی لوبنان بەهێز بکەن و پاڵپشتیی سوپای لوبنان بکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گۆتێرێز رەخنەی لە فەرمانەکانی ئیسرائیل گرت بۆ چۆڵکردنی باشووری لوبنان و گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، کە بەپێی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی، 14%ی خاکی لوبنان دەگرێتەوە.
 
گوتیشی، "دەرکردنی فەرمانی چۆڵکردن لە دۆخێکدا کە خەڵکێکی زۆری لاواز لەو ناوچانەدان، سەلامەتیی پێویست بۆ خەڵکی سڤیل دروست ناکات و هەر شتێکیش سەلامەتی بۆ خەڵکی سڤیل دروست نەکات، بە دڵنیاییەوە دەبێتە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە