رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیسرائیل رۆژی شەممە رایانگەیاند، بەشێک لەو ئاگر و تەقینەوانەی لە چەندین شوێنی جیاوازی تەل ئەڤیڤ و ناوچەکانی نێوەڕاستی وڵاتەکە روویانداوە، بەهۆی بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی بووە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
هەرچەندە سەرەتا پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی ئەو مووشەکانە بووە کە لە لایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێنراون، بەڵام بەرپرسانی باڵا لە نوێکردنەوەیەکدا پشتڕاستیانکردەوە کە ئامانجەکان بە بۆمبی هێشوویی پێکراون.
گێڵی حەداد، گوتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، تیمەکانیان لە 7 شوێنی جیاواز خەریکی مامەڵەکردنن لەگەڵ شوێنەواری تەقینەوەی ئەم بۆمبانە. حەداد ئاماژەی بەوە کرد، زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێلەکان گەیشتووە، بەڵام خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ قوربانییەکی گیانییان تۆمار نەکردووە.
راز کینستلیچ، سەرۆکی شارەوانیی شاری (ریشۆن لێزیۆن) کە یەکێکە لەو شوێنانەی بۆمبەکەی لێکەوتووەتە خوارەوە گوتی: "لە کاتی مووشەکبارانی کاژێری رابردوودا، بۆمبی هێشوویی لە چەندین شوێنی جیاوازی ناو شارەکەمان تەقیوەتەوە." کینستلیچ هۆشداریی دایە دانیشتووانی شارەکە، بەهیچ شێوەیەک لەو پارچە و پاشماوانە نزیک نەبنەوە کە لە سەر زەوییەکە دەبینرێن، چونکە ئەگەری زۆرە هەندێک لە بۆمبە بچووکەکان هێشتا نەتەقیبێتنەوە و مەترسیی جیدی بن بۆ سەر ژیانیان.
بۆمبی هێشوویی بەوە دەناسرێت، کە کڵاوە جەنگییەکەی لە ناو ئاسماندا دەتەقێتەوە و دەیان بۆمبی بچووکتر بەسەر ناوچەیەکی فراواندا بڵاودەکاتەوە. شارەزایان دەڵێن هەرچەندە ئیسرائیل لە تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکاندا سەرکەوتووە، بەڵام بەرپەرچدانەوەی ئەو دەیان بۆمبە بچووکەی کە لە ناو ئاسمانەوە بڵاودەبنەوە، ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە و ئاڵۆزە بۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە.
ئەم هەڵکشانە نوێیە لە کاتێکدایە کە دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی شارۆچکەی (شۆهام)ـی لە نێوەڕاستی ئیسرائیل گرتووەتەوە و تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بەردەوامن لە کارەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ