رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بانگەشەیەکی نوێی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە، کە تێیدا تاران رایگەیاندبوو توانیویانە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لەکار بخەن و پەکبخەن.
رۆژی شەممە 14-03-2026 سێنتکۆم لە پۆستێکی فەرمیدا لە ئێکس رایگەیاند، سوپای پاسداران جارێکی دیکە خەریکی بڵاوکردنەوەی "درۆی بەسەرچووە." فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە یەکەمجار نییە تاران بانگەشەی تێکشکاندنی ئەو کەشتییە دەکات و پێشتریش چەندینجار هەمان قسەیان دووبارە کردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە: "بۆ ئەوەی روون بێت؛ گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لە باڵادەستی بەسەر ئاسمانی ئێراندا لە ناو دەریاوە بەردەوامە."
سوپای ئەمریکا وێنەیەکی "پشتڕاستکردنەوە"ـی بڵاوکردووەتەوە و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی بە سوور و بە وشەی "درۆ" نیشان داوە.
رۆژی 07-03-2026 میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، سوپای وڵاتەکە کۆمەڵێک مووشەکی ئاراستەی کەشتیی جەنگیی ئەبراهام لینکنی ئەمریکا کردووە و گوتی، مووشەکەکان بەرەو دەریا و کەشتییەکە نێردراون.
رۆژێک پێشتریش، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی ناوەندی خاتەمولئەنبیا (هێزە چەکدارەکانی ئێران)، وردەکاریی نوێی ئۆپەراسیۆنی (بەڵێنی راستی 4)ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن کە لە سنوورە ئاوییەکانی ئێران نزیک ببووەوە، لەلایەن درۆنەکانی سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج، کە بەو هۆیەوە ناوچەکەی جێهێشتووە و ئێستا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە سنوورەکانمان دوورکەوتووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ