رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی قەتەر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دانیشتووانی وڵاتەکەی و رایدەگەیێنێت، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، یەدەگی پێویستیان لە خۆراک، ئاو و دەرمان هەیە و رەوشی ئەمنیی وڵاتەکەش جێگیرە.
خەلیفە بن حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، وەزیری ناوخۆی قەتەر، لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ململانێ هەرێمییەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دروستبووە، رەوشی ئەمنیی قەتەر جێگیرە.
وەزیری ناوخۆی قەتەر جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی گشتی لە پێشینەی کارەکانیانە و گوتی: ''ئاسایشی هەموو ئەو کەسانەی لەسەر خاکی قەتەر دەژین، هێڵی سوور و کاری لەپێشینەمانە. درێخی لە هیچ رێکارێک ناکەین، کە سەقامگیریی وڵاتەکەمان مسۆگەر بکات."
سەبارەت بە کاریگەریی ململانێکان لەسەر خاکی وڵاتەکەی، ئال سانی ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە پێنج هەزار راپۆرتیان لەبارەی رووداوەکانەوە پێگەیشتووە، کە پاشماوەی مووشەک و پارچە تەقەمەنییان لەخۆگرتووە و لە زیاتر لە 600 شوێنی جیاوازدا دۆزراونەتەوە.
وەزیری ناوخۆی قەتەر وردەکاریی یەدەگی ستراتیژیی وڵاتەکەی خستە روو و رایگەیاند، یەدەگی خۆراکیان بۆ 18 مانگ و یەدەگی ئاویشیان بۆ چوار مانگ بەرزکردووەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستییەکان بە کراوەیی ماونەتەوە.
لە کەرتی تەندروستیشدا، ئال سانی باسی لەوە کرد، یەدەگی دەرمانی بنەڕەتی بەشی نۆ مانگ و پێداویستییە پزیشکییەکان بەشی 10 مانگ دەکات، ئاشکراشی کرد کە ئێستا چارەسەری پزیشکی بۆ 26 برینداری رووداوەکان بەردەوامە.
سەبارەت بە سەلامەتیی ژینگە و گواستنەوە، وەزیری ناوخۆی قەتەر راگەیاند، کوالێتیی هەوا و ئاوی دەریا بەردەوام چاودێری دەکرێن و تاوەکو ئێستا هیچ پیسبوونێک تۆمار نەکراوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئال سانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوەدا، زیاتر لە حەوت هەزار هاووڵاتیی بیانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەمەدەوە قەتەریان جێهێشتووە و پرۆسەکە بە شێوەیەکی رێکخراو و بە هاوئاهەنگی بەڕێوەچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ