عێراقچی: بەردەوامبوونی دانوستاندن لەنێوان ئێران و ئەمریکا بێ مانایە

14-06-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا باسیان لە دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن و جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی و کایە کاڵاس بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
 
بەشێکی سەرەکیی پەیوەندییەکە لەبارەی دانوستاندنی بڕیارلێدراوی رۆژی یەکشەممەی نێوان ئەمریکا و ئێرانە کە بڕیارە لە عومان بەڕێوەبچێت و تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە، ئەوەش بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە. 
 
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە: 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران: ئێمە بە تووندی ئەو کارانەی رژێمی زایۆنی سەرکۆنە دەکەین کە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکانە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی سەربازی، مامۆستای زانکۆ و ژن و منداڵی ئێرانی. داوای وەڵامدانەوەیەکی جیدیی جیهانی و سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەکەین.
 
- حکومەت و گەلی ئێران چاوەڕوانییەکی جیدییان لە هەموو ئەو وڵاتانە هەیە کە بانگەشەی پشتگیریکردن لە ئاشتی و سەروەریی یاسا دەکەن، بۆ سەرکۆنەکردنی ئەم کارە تاوانکارییانە و گوشارخستنە سەر رژێمی زایۆنی بۆ راگرتنی دەستدرێژی و یاساشکێنییەکانی.
 
- بڕیارنامەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە بەرنامە ئاشتیخوازە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە لەلایەن سێ وڵاتی ئەورووپی و ئەمریکاوە پێشنیاز کرابوو، بیانوو و زەوینەیەک بوو بۆ کارە دووژمنکارانەکانی رژێمی زایۆنی بەرامبەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە تەواوی نایاسایی و قەدەخەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکیەتی لێپێچینەوە لە رژێمی زایۆنی بکات لەبەرامبەر ئەم یاساشکێنییە مەترسیدار و بێوێنەیەدا.
 
- بە پشتبەستن بە پەیام و لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، کارە دووژمنکارانەکانی رژێمی زایۆنی ئەنجامی پشتیوانییە راستەوخۆکانی واشنتنە. بەردەوامبوونی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دۆخێکدا کە دڕندەییەکانی رژێمی زایۆنی بەردەوامە، بێ مانایە.
 
- کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، گەل و ئاسایشی خۆی، وەڵامێکی تووندی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی داوەتەوە و سوورە لەسەر بەکارهێنانی مافی رەوای خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هاوشێوە.
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی گرژییەکان لە ناوچەکە، جەختی لە ئامادەیی یەکێتیی ئەورووپا کردەوە بۆ پشتگیریکردن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، بەمەبەستی یارمەتیدان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە