رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە سعودیە لە ساڵی 2017. وێنە: AP
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیادا لەگەڵ محەممەد سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شا عەبدوڵڵای ئوردن، شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلی تاوتوێ کرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، سەرۆککۆماری تورکیا لەو دوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا گفتوگۆی لەسەر گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و دۆخی ناوچەکە کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە شازادەی جێنشینی سعودیەی گوتووە: "ئیسرائیل کە حکومەتەکەی لە ژێر دەسەڵاتی نەتەنیاهووە، گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە و بەم هێرشەی بۆ سەر ئێران جارێکی دیکە ئەمەی نیشان دایەوە، پێویستە ئیسرائیل بوەستێنرێت".
ئەردۆغان هەروەها ناڕاستەوخۆ بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرامبەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل بە هۆکاری ئەمە زانیوە و گوتوویەتی: "لەکاتێکدا هەوڵی دۆزینەوە رێگەیەکی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەدرێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تەنیا بۆ لەباربردنی ئەو هەوڵانەی ئاشتییە. ئیسرائیل بە شێوەیەکی نابەرپرسانە مەترسی بۆ ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە دروست دەکات".
ئەردۆغان هەروەها لە پەیوەندییەکی دیکەدا لەگەڵ شاعەبدوڵڵا قسەی کردووە و گوتوویەتی: "نابێت ناوچەکەمان ببێتە جێگەی قەیرانێکی نوێ. چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆم تەنیا بە دانوستاندن و دیالۆگ لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها بە شاعەبدوڵڵای راگەیاندووە، نابێت رێگە بدەن لەڕێی ئەو هێرشانەوە دۆزی فەڵەستین لەبیربکرێت.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازی لە هێرشەکانیاندا کوژراون.
ئەمڕۆ شەممەش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "شەوی رابردوو حەوت سەرباز لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی ئێران بە سووکی بریندار بوون."
دەستپێکردنی ئەو شەڕە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت شەشەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکرێت بەڵام هەڵوەشایەوە. ئەمڕۆش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا بێ مانایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ