رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویانە 25 درۆنی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی ریازی پایتەخت و ناوچەی شەرقییە تێکبشکێنن.
گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، ئەمڕۆ لە زنجیرەیەک راگەیێندراودا لە هەژماری فەرمیی وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، لە چەند کاژێری رابردوودا هێرشێکی چڕ بە درۆن کراوەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکە، بەڵام سەرجەمیان پێش پێکانی ئامانجەکانیان لەنێوبراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری، گەورەترین شەپۆلی هێرشەکان تێکشاندنی 10 درۆن بووە کە ئاراستەی هەردوو ناوچەی ریاز و شەرقییە کرابوون.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئەو 10 درۆنەی ئاراستەی ناوچەکانی ریاز و شەرقییە کراون، هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە نییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، سوپای پاسداران داوا لە حکومەتی سعودیە دەکات لەجیاتی تۆمەتبارکردنی تاران، لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی درۆنەکان بکات.
بەگوێرەی ئێکسێکی دیکەی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا، 7 درۆنی دیکە لە هەمان ناوچە (ریاز و شەرقییە) خراونەتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاشکرای کردووە، تەنیا لە ناوچەی شەرقییە لە پێنج هەوڵی جیاوازدا 8 درۆنی دیکەیان تێکشکاندووە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بە سەرچاوەی هێرشەکان یان زیانەکانی هێرشەکانی ئەمڕۆ نەکردووە، بەڵام پێشتر ئێرانی بە هێرشکردنە سەر خاکەکەی تۆمەتبار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ