حاجییەکی رۆژئاوای کوردستان لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییکرد

15-06-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حاجییەکی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە ناوی حوسێن حاج حەمید لە کاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد.
 
ئەوە دەبێتە دووەم حاجیی کورد لە مەککە کۆچی دوایی بکات؛ هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حاجییەکی کورد کە "ڤیزای ساڵی" گەشتی وڵاتی سعودیەی کردبوو بۆ فەیزەی حەج، لە کێوی عەرەفە کۆچی دواییکرد.
 
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ژنێکە ناوی رازیەیە و خەڵکی شاری هەولێرە."
 
ئەو ژنە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە گەشتی سعودیەی بۆ حەج نەکردووە و بە "ڤیزەی یەک ساڵی" چووەتە ئەو وڵاتە. بەرپرسەکەی ئەوقاف گوتی، "چونکە ئەو ژنە ناوی لە وەزارەت تۆمار نەکردووە، جارێ زانیاریی ورد لەبارەی ناسنامەکەی و چۆنێتی رووداوەکە نازانن."
 
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی زیاترن لەسەر ناسنامەی ئەو هاونیشتمانییە و هۆکاری مردنەکەی.
 
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە وڵاتی سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، کۆمەڵێک هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە، بەڵام ژمارەیان نازاندرێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە