بنیامین نەتەنیاهوو: بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانمان کوشت

15-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر شاری تاران، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسداران و جێگرەکەیان کوشتووە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی عەمید محەممەد کازمی، بەرپرسی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێران و جێگرەکەی، جەنەڕاڵ حەسەن موحەقیقی کوشتووە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، "دەتوانم پێتانبڵێم کە ئێمە بەرپرسی هەواڵگرییەکەیان و جێگرەکەیمان لە تاران کوشت." 
 
هەروەها نەتەنیاهوو ئاماژە بەوە دەکات، دەکرێت ئەنجامی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، گۆڕینی دەسەڵات بێت و گوتیشی، "ئیسرائیل هەرچی پێویست بێت دەیکات بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەسەری بوون کە لەلایەن تارانەوە دروستکراون." 
 
لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهوو دەڵێت، "بێگومان دەکرێت ئەنجامەکەی ئەوە بێت، چونکە رژێمی ئێران زۆر لاوازە."
 
ئیسرائیل لە بەیانیی رۆژی هەینی هێرشی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە بووە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و زیانی گەورەشی بە دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی تاران گەیاندووە.
 
نەتەنیاهوو هۆشداری دەدات لە رۆژانی داهاتوودا ئۆپەراسیۆنەکانیان فراوانتر دەبێت و لە بەرامبەریشدا ئێران بەڵێنی داوە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک "دەروازەکانی دۆزەخ" بەسەر ئیسرائیل بکاتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێ، "ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بیکەین بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجە سەرەکییەکەمان، ئەوانیش؛ هەڕەشەی ئەتۆمی و هەڕەشەی مووشەکی بالیستی."
 
لەدوای ئەو لێدوانە نوێیەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، هێرشی مووشەکی زەوین بە زەوینیان بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران دەستپێکردووە و نەتەنیاهوو رایگەیاندووە "ئیسرائیل دامەزراوەی سەرەکیی بنکە ئەتۆمییەکەی نەتەنزی لە ئێران وێران کردووە."
 
نەتەنیاهوو لەدرێژەی لێدوانەکانی بۆ میدیای ئەمریکا، ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل ئەو هێرشە ئاسمانییەی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد تاوەکو رێگری لە دروستبوونی "کۆمەڵکوژییەکی ئەتۆمی" بکەن و پێویست بووە بجووڵێن، "ئەمە دوا سات بوو، و ئێمەش کارەکەمان کرد. نەک تەنیا بۆ رزگارکردنی خۆمان، بەڵکو بۆ پاراستنی جیهان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە