لەگەڵ رەنج؛ ئەگەر عێراق بچێتە جەنگى ئێران-ئیسرائیل چى بەسەر دێت؟

16-06-2025
لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"دا، دەرهاوێشتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری تێوەگلانی عێراق تاوتوێ کران
لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"دا، دەرهاوێشتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری تێوەگلانی عێراق تاوتوێ کران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"دا، دەرهاوێشتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری تێوەگلانی عێراق تاوتوێ کران. شیکارێکی ئابووری هۆشداری دەدات لە "سفربوونەوەی" ئابووریی عێراق و سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو جەنگە.
 
شەوی یەکشەممە، 15-06-2025، بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کاریگەرییەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
 
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە بەرنامەکەدا رایگەیاند، پێشبینی دەکات بەهۆی دووریی جوگرافیی نێوان هەردوو وڵات، ئەو شەڕە "ماوەیەکی زۆر نەخایێنێت".
 
بە گوتەی محەممەدی حاجی مەحموود، عێراق لەو شەڕەدا "ژمارە نییە و ئاسمانەکەشی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە،" بۆیە پێی وایە "هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو جەنگە."
 
هاوڕێ تۆفیق، مافناس و شارەزای یاسایی گوتی، عێراق دابەش بووە، "شیعەکان لەسەر پرسی پشتیوانیکردنی ئێران یەک هەڵوێست نین و سوننەکانیش بێدەنگییان هەڵبژاردووە." گوتیشی، عێراق هەوڵدەدات لەڕووی دیپلۆماسییەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات، چونکە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە بەکارهێنراوە.
 
 
یەکێک لە مەترسییە گەورەکان بۆ عێراق، لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکەیە، بەتایبەتی کە زۆرینەی داهاتی وڵات لەسەر هەناردەکردنی نەوتە.
 
ئەرشەد تەها، ئابووریناس، باسی لە دوو سیناریۆی مەترسیدار کرد کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە؛ یەکەمیان، داخستنی گەرووی هورمزە، کە "هەناردەی نەوتی عێراق دەکاتە سفر، لەکاتێکدا 96%ی داهاتی وڵات لەسەر نەوتە." دووەمیشیان، تێوەگلانی راستەوخۆی عێراقە لە رێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە، کە وادەکات ئیسرائیل سەرچاوە ئابوورییەکانی عێراق، بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکان، بکاتە ئامانج.
 
 
لەبارەی دەرئەنجامەکانی جەنگەکەوە، سیتەم کامیل، مامۆستای بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، رایگەیاند، "تاوەکو دیمەنی جەنگەکە روون نەبێتەوە، نازانرێت کێ براوەیە،" بەڵام پێشبینی کرد هەژموونی ئێران دوای ئەم جەنگە کەمتر ببێتەوە و "ناتوانێت وەک جاران مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە