رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
بارهەڵگرێکی هاوکاریی لەبەردەم بارەگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
دوای 39 رۆژ لە شەڕی بەردەوام، یەکەم تانکەری سووتەمەنی گەیشتە کەرتی غەززە. سەرچاوەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەو تانکەرە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە نەوەک نەخۆشخانەکان".
بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی سووتەمەنی دەکەن و هەر کات پێویست بوو، یارمەتیدەر دەبن لە بردنەژوورەوەی سووتەمەنی.
رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023 میدیای میسر رایگەیاند، "لە سنووری رەفەحەوە تانکەرێکی سووتەمەنی چووە نێو کەرتی غەززە و بڕیارە رادەستی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت بۆ ئەوەی دابەشی بکات".
بەگوێرەی شایەتحاڵەکانی دەروازەی رەفەح، دوو تانکەری دیکە نۆرەیان گرتووە و چاوەڕێی کردنەوەی دەرگەی دەروازەکە دەکەن تا بەرەو غەززە بەڕێبکەون.
دەزگای هێزی بەرگریی ئیسرائیل کە کاروباری سڤیلەکانی فەلەستین بەڕێوەدەبات ناسراو بە (COGAT) پێشتر رایگەیاندبوو، "ئەو تانکەرانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن و هاوکاریی دابەش دەکەن، لەسەر داواکاریی ئەمریکا، لە دەروازەی رەفەح سووتەمەنییان پێدەدرێت".
سەرچاوەیەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئەو تانکەرەی هاتووەتە نێو کەرتی غەززە، تەنیا بۆ تانکەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە نەک نەخۆشخانەکان".
کۆلۆنێل مۆشێ تێترۆ، سەرۆکی گرووپێکی هێزی بەرگریی ئیسرائیلە کە کاروباری سڤیل لە غەززە بەڕێوەدەبات، رایگەیاند، "ئێمە رۆژانە چاودێریی دۆخی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە دەکەین، هەرکات پێویستی کرد، یارمەتیدەر دەبین لە بردنە ژوورەوەی سووتەمەنی".
چەند کاژێرێک پێش گەیشتنی ئەو تانکەرە، چەند میدیایەکی فەرمیی ئیسرائیل رایانگەیاند، "ئیسرائیل رێگەی داوە کە 24 هەزار لیتر بەنزین بدرێت بە تانکەر و ئۆتۆمبێلەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان." ئەمەش دوای ئەوەی چەندین رێکخراوی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییاندا کە نەمانی سووتەمەنی کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
رۆژی شەممە، 11-11-2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و کارەباوە، سێ کۆرپە گیانیان لەدەستداوە و ژیانی 36 کۆرپە کە پێش وادەی خۆیان لەدایکبوون و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانە، لە مەترسییدایە. هەروەها هەر بەهەمان هۆکار چوار نەخۆشمان لەدەستداوە".
درەنگی شەوی یەکشەممە، 12-11-2023، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "ئێمە سووتەمەنیمان بە نەخۆشخانەی شیفا دا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە قسەمان کرد کە بێن 300 لیتر سووتەمەنی ببەن کە تەنیا 300 مەتر لە نەخۆشخانەکە دوور بوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە دەکەین بێت ئەو سووتەمەنییە ببات، بەڵام بەرپرسانی حەماس گوشار دەکەن کە سووتەمەنییەکە نەبەن".
میدیای فەلەستین لە زاری خەڵکی نێو نەخۆشخانەکە و بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە بڵاویکردەوە، "دەنگۆکانی ئیسرائیل راست نییە، هێزەکانی ئیسرائیل لەبەردەم نەخۆشخانەکە خەریکی شەڕ و تەقەکردنن، کەس ناتوانێت بچێتە دەرەوە و کارەبا و سووتەمەنی نییە".
لە ماوەی 39 رۆژی رابردوودا کە حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە شەڕیان لە دژی یەکدی کردووە، لە زۆربەی شوێنەکانی ئەو شارەدا سووتەمەنی نەمابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ