رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، بەهۆی پێنەدانی مۆڵەتی گەشتکردنی فڕۆکەکانی ئێران بۆ سعودیە، گەشتی عومرەیان هەڵوەشاندووەتەوە. لە بەیانییەوە پارەی ئەو کەسانە دەدەنەوە، کە ناویان بۆ گەشتی عومرە تۆمار کردووە.
غوڵامڕەزا رەزایی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رۆژی هەینی، 16-02-2024، بە میدیاکانی ئەو وڵاتەی راگەیاند، سعودیە پێدانی مۆڵەتی گەشتکردن بە فڕۆکە ئێرانییەکانی زۆر دواخستووە و هێشتا دیار نییە کەی مۆڵەتەکەیان پێدەدات، بۆیە بڕیاریانداوە پارەی ئەو کەسانە بگەڕێننەوە، کە بۆ گەشتکردنەکە خستبوویانە سەر هەژماری بانکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران.
جێگری سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران گوتی، لە رۆژی شەممەوە دەست بە گەڕاندنەوەی پارەی ئەو کەسانە دەکەن ناویان بۆ گەشتی عومرە تۆمار کردووە و پڕۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکە سێ بۆ چوار رۆژ دەخایەنێت.
زیاتر لە 40 هەزار کەس ئەم ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە ناویان بۆ گەشتی عومرە تۆمارکردبوو و هەر یەکێکیان 44 ملیۆن تمەن (نزیکەی 800 دۆلار)یان خستووەتە سەر هەژماری بانکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران.
هەڵوەشاندنەوەی گەشەتەکە لە کاتێکدایە پێشتر چەندینجار وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایانگەیاندووە، لەگەڵ سعودیە رێککەوتوون بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە.
لە ساڵی 2016ـەوە بەهۆی گرژیی نێوان تاران و ریاز، گەشتی عومرە بۆ خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان راگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ