رووداو دیجیتاڵ
عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، نامەیەکی 6 خاڵی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و دەوڵەتە ئیسلامییەکان دەکات، تێیدا رەخنەی تووند لە بێدەنگییان بەرامبەر هێرشەکانی سەر ئێران دەگرێت. دەشڵێت: "ئێران نیازی دەسەڵاتسەپاندنی نییە و تەنیا خێرخوازی ناوچەکەیە."
عەلی لاریجانی لە نامەکەیدا، کە دوای 16 رۆژ لە گیانلەدەستدانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، وڵاتەکەی رووبەڕووی "پلانێکی فێڵبازانە"ی ئەمریکا و ئیسرائیل بووەتەوە، کە مەبەست لێی پارچەپارچەکردنی ئێران بووە.
"وڵاتانی ئیسلامی هاوکارییان نەکردین"
لاریجانی لە خاڵی دووەم و سێیەمی نامەکەیدا رەخنە لە هەڵوێستی وڵاتانی ئیسلامی دەگرێت و دەڵێت: "جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم، هیچ یەک لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان نەهاتنە هانای گەلی ئێرانەوە."
ئەو بەرپرسەی ئێران فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) وەک بەڵگە دەهێنێتەوە و دەپرسێت: "ئەگەر وەڵامی هاواری موسڵمانێک نەدەنەوە، موسڵمان نین؛ ئەی ئەمە چ جۆرە موسڵمانێتییەکە؟"
بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە خاک وڵاتانی دراوسێ
سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە، لاریجانی دەڵێت: "هەندێک وڵات دەڵێن لەبەر ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلمان لە خاکەکەیاندا کردووەتە ئامانج، کەواتە ئێران دوژمنە! ئایا دەبێت ئێران دەستەوستان بێت کاتێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی ئێوەوە هێرش دەکرێتە سەری؟"
لاریجانی داوایان لێدەکات هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن کە لە کام بەرەدان.
"ئەمریکا بێوەفایە"
لە خاڵی پێنجەمی نامەکەیدا، لاریجانی هۆشداری دەداتە وڵاتانی ناوچەکە و دەڵێت: "ئەمریکا هیچ وەفایەکی بۆ ئێوە نییە و ئیسرائیل دووژمنتانە. خولەکێک بیر لە داهاتووی ناوچەکە بکەنەوە." جەختیش دەکاتەوە ئێران نیازی "سەپاندنی دەسەڵاتی" بەسەر هیچ وڵاتێکی دراوسێدا نییە و تەنیا ئاشتی و خێرخوازی دەوێت.
لە کۆتایی نامەکەیدا، لاریجانی داوای "یەکێتیی ئومەی ئیسلامی" دەکات و رایدەگەیێنێت، تەنیا بە یەکگرتوویی و هەماهەنگیی هەموو لایەک، دەتواندرێت ئاسایش، سەربەخۆیی و گەشەپێدانی وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکرێت.
لە 28ـی شوباتەوە هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، ئێرانیش دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و زۆربەی ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیانەی بۆردوومان کردووە، کە بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکای لێیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ