رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەدات، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئۆرسولا ڤۆندەرلاینیش دەڵێت، سەقامگیریی هەولێر و بەغدا جێگەی بایەخی یەکێتیی ئەورووپایە.
ئێوارەی دووشەممە (16-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئۆرسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ تاوتوێ کران. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هاریکاریی بەردەوام بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، هەروەها جەختیان لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان کردەوە.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە "هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ئاڵۆزییەکان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت." هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیریی بەردەوامی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆرسولا ڤۆندەرلاین رایگەیاند، سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان جێی بایەخی یەکێتیی ئەورووپایە و "وەک هاوبەشێکی گرنگ لە ناوچەکەدا لێیان دەڕوانێت." هەروەها پابەندیی یەکێتیی ئەورووپای بە بەردەوامیی یارمەتیدانیان دووپات کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ