رووداو دیجیتاڵ
میسر جارێکی دیکە سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەولێر دەکات و داوا دەکات میکانیزمێکی کرداری بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی عەرەبی و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش بێتە ئاراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی میسر، رۆژی دووشەممە، بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە شاری عەین لەگەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، هاوتا ئیماراتییەکەی کۆبووەوە. ئەمە دووەم وێستگەی گەشتە ناوچەییەکەی وەزیری دەرەوەی میسرە دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر.
باڵیۆز تەمیم خەلاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، عەبدولعاتی لە دیدارەکەدا پەیامی "پشتیوانیی تەواو و هاوسۆزیی قاهیرە"ی گەیاندووەتە دەوڵەتی ئیمارات. وەزیری دەرەوەی میسر بۆ دووەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی سەر کۆنسووڵخانەی گشتیی ئیماراتی لە هەولێر کرد، کە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدراوە.
عەبدولعاتی ئاماژەی بەوە کردووە، قاهیرە بە تووندترین شێوە دژی ئەو "دەستدرێژییە تاوانکارییانەی ئێرانە" کە سەروەریی دەوڵەتی ئیمارات، دامەزراوە سڤیلەکان و تواناکانی ئابووریی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج.
قاهیرە داوای کاراکردنی "پەیمانی بەرگریی هاوبەشی عەرەبی" دەکات کە لە ساڵی 1950 واژۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم داوایەی میسر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی دیکە، لە بارودۆخێکی مەترسیداردایە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو وەزیر بە وردی باسیان لە دەرەنجامە خراپەکانی پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکە و فراوانبوونی ئاگری جەنگ بۆ سەر ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداوی عەرەبی کردووە.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییەی میسر دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ