راوێژکارێکی باڵای ترەمپ: کاتی ئەوەیە سەرکەوتن رابگەیێنین و لە ئێران بچینە دەرەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە 16یەمین رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێرانە، دەنگی ناڕەزایی لەناو تیمەکەی سەرۆکی ئەمریکا پەیدادەبێت، کە دەڵێن دەبێ زوو لەم شەڕە دەربچین.
 
دەیڤد ساکس، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ژیریی دەستکرد و دراوە دیجیتاڵییەکانە، داوا لە واشنتن دەکات کۆتایی بە ململانێ سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بهێنێت و رێگەیەک بۆ کشانەوە بدۆزێتەوە. دەشڵێت، بەردەوامیی شەڕ مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ئیسرائیل دروست دەکات.
 
دەیڤد ساکس، کە یەکێکە لە کەسایەتییە نزیکەکان لە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی سەرکەوتن رابگەیێنین و [لە ئێران] بچینە دەرەوە." ئاماژەی بەوەش کرد بازاڕەکانی جیهان چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
 
ئەم لێدوانانەی ساکس وەک یەکەم نیشانەی ناڕەزایەتیی ئاشکرای بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە شەڕی ئێران دەبینرێت. ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ لەم مانگەدا رایگەیاندبوو ئەمریکا دەتوانێت "بۆ هەمیشە" لە شەڕی ئێراندا بمێنێتەوە، بەڵام دواتر لەژێر گوشاری باڵە دژە شەڕەکانی ناو هاوپەیمانیی (MAGA) رایگەیاند کە رەنگە شەڕەکە "بەمزووانە" کۆتایی بێت.
 
ساکس هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، کاردانەوەی تووندی لێدەکەوێتەوە. گوتی: "ئەگەر دەست ببرێت بۆ ژێرخانی وزەی ئێران، ئەوانیش ژێرخانی نەوت و غازی وڵاتانی کەنداو دەکەنە ئامانج، ئەوەش سیناریۆیەکی کارەساتبارە و دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچەی کەنداو چیتر بۆ ژیان گونجاو نەبێت، بەتایبەتی سعودیە."
 
ئەو راوێژکارەی ترەمپ، کە پێشتر دژی دەستوەردانی ئەمریکا بووە لە شەڕی ئۆکرایناش، ئیسرائیل وەک گەورەترین قوربانیی بەردەوامیی ئەم شەڕە دەبینێت و دەڵێت: "ئەگەر ئەم شەڕە هەفتە یان مانگێکی دیکە بخایەنێت، رەنگە ئیسرائیل وێران ببێت؛ چونکە بەرگرییە ئاسمانییەکانیان شەکەت دەبن. ئەو کات دەبێت نیگەرانی ئەوە بین کە ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی ببات."
 
هاوکات، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش، هاوشێوەی ساکس "کەمتر پەرۆشە" بۆ بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
 
ئەم ناکۆکییە ناوخۆییانەی ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ئەژمارە سێبەرەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ناوی چەند کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیی ئەمریکی وەک (ئەمەزۆن و ئۆراکڵ)یان وەک ئامانجی ئەگەریی هێرشەکانیان بڵاوکردووەتەوە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو ئەندازیاری کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆن. وێنە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ

سعودیە و ئیمارات جێگرەوەی هورمز دەدۆزنەوە

بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز، دوو هێڵی بۆریی نەوتی سعودیە و ئیمارات بوونەتە جێگرەوە و گرنگییان لە ئاستی جیهاندا بەرزبووەتەوە.