رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە پلانیان بۆ لانیکەم سێ هەفتەی دیکە لە هێرشی چڕ بۆ سەر ئێران داناوە و هێشتا هەزاران ئامانجی سەربازی لە نێو ئەو وڵاتەدا ماون کە پێویستە بپێکرێن.
ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026 رایگەیاند: "ئێمە هەزاران ئامانجمان لە پێشە. لەگەڵ هاوپەیمانە ئەمریکییەکانماندا ئامادەین و پلانەکانمان تاوەکو جەژنی 'پێساخ'ی جووەکان (نزیکەی سێ هەفتەی دیکە) داڕێژراون؛ تەنانەت پلانی قووڵترمان بۆ سێ هەفتەی دوای ئەو کاتەش هەیە."
بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتەوە، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نزیکەی 400 شەپۆلی هێرشی لە ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران ئەنجامداوە.
گوتەبێژی سوپا جەختی کردەوە، کە ئەوان بەپێی "کاژێر یان خشتەی کاتی" کار ناکەن، بەڵکو ئەرکیان لاوازکردنی تەواوەتیی بنەماکانی دەسەڵاتە لە تاران و هێرشەکانیان زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر پەکخستنی ژێرخانی سەربازی و بەئامانجگرتنی یەکەکانی بەرگری و بەرهەمهێنانی چەک.
دیفرین ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل وایکردووە حیزبوڵڵای لوبنان بێتە نێو جەنگەکەوە، لە کاتێکدا لە جەنگی 12 رۆژیی هاوینی رابردوودا بێدەنگ بوون.
ئەو گوتی: "لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، ئەوان تێگەیشتن کە هێرشەکان بۆ سەر ئێران سنووردارن، بۆیە هێرشیان نەکرد، بەڵام ئێستا کە جەنگەکە گشتگیرە، ئەوان بڕیاریاندا بەشداری بکەن."
بەرپرسانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە رەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە لوبنان تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئێرانیش بەردەوام بێت.
سوپای ئیسرائیل هێزی زیاتر رەوانەی سنوورەکانی باکوور دەکات بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە خاکی لوبنان و پاشەکشەپێکردنی حیزبوڵڵا. بەگوێرەى پلانەکە، سوپاى ئیسرائیل نیازى درووستکردنى پشتێنەیەکى ئەمنى هەیە لە باشوورى لوبنان بە قوڵى 30 کیلۆمەتر.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاندبوو جەنگەکە "بەرەو تەواوبوون دەچێت" چونکە "هیچ ئامانجێکی ئەوتۆ لە ئێراندا نەماوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ