رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی هیچ پلان و نیازێکی نییە بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ حکومەتی لوبنان. دەشڵێت، ئەو راپۆرتانە رەتدەکەنەوە کە دەڵێن تەلئەڤیڤ واشنتنی ئاگادارکردووەتەوە کە دژە مووشەکی وەکو پێویست نەماوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بەوەی کە لە رۆژانی داهاتوودا پلانی گفتوگۆیان لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان هەیە و ئەو راپۆرتانەی کە باس لە کەمی دژە مووشەک لە ئیسرائیل دەکەن رایگەیاند، نە پلانی چاوپێکەوتنیان هەیە و نە ئەو راپۆرتانەش راستن.
گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە ئەمڕۆ، رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی کە قسەیان بۆ میدیای وڵاتەکەیان کردبوو بڵاویکردەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی ئیسرائیل و لوبنان دانوستاندن بکەن.
دوێنێ، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، "فەرەنسا پشتگیری لە ئامادەیی دەسەڵاتدارانی لوبنان کردووە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل و پێشنیازی ئاسانکاری بۆ ئەو مەبەستە کردووە." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "بڕیاردان لەسەر ئەجێندای ئەم گفتوگۆیانە تەنیا لە دەسەڵاتی لایەنەکان خۆیاندایە."
ئەم روونکردنەوەیەی پاریس دوای ئەوە هات کە پێشتر ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری سێ سەرچاوەوە بڵاویکردەوە، فەرەنسا پێشنیازێکی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئامادە کردووە، کە تێیدا مەرجی ئەوە دانراوە دەبێت لوبنان دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی لوبنانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، وڵاتەکەی لە ئامادەکاریدایە بۆ پێکهێنانی شاندێکی دانوستانکار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی حیزبوڵڵا.
رۆژی 28ی شوبات سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی تاران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
رۆژی 2ی ئادار، وەکو تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل و ئەمریکادا بۆ سەر تاران، حیزبوڵـڵا هێرشیکردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە مووشەک وەڵامیدایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ