ئیسرائیل بەڵێنی وەڵامدانەوەیەکی تووندی ئێران دەدات

16-04-2024
سەربازانی سوپای ئیسرائیل
سەربازانی سوپای ئیسرائیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی کە ئێران لێی نیگەران بوو، پێدەچێت روو بدات. ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکەی ئێران بۆ سەرمان، بە هێرشێكی روون و یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەینەوە.
 
هێرزی هالیڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل دەڵێت، "ئێران ویستی توانا ستراتیژییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەنێو ببات؛ ئەوە شتێکە هەرگیز پێشتر رووینەداوە. ئێمە بیر لە هەنگاوی داهاتوومان دەکەینەوە، ئەو هێرشەی ئێران بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ وەڵام نامێنێتەوە".
 
ئێران پێش و پاش هێرشەکەی بۆسەر ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بەدوای هەڵکشانی زیاتری بارودۆخەکەوە نەبووە و نییە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوای هەڵکشانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا نییە؛ بەڵام لە هەموو کاتێك زیاتر لە تەمبێکردنی دوژمن و دەستدرێژکاران بەهێزترە."
 
جارێكی دیکە لە تاران درووشمی "مردن بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل" گوترانەوە.
 
سەتان خۆپیشاندەر کۆبوونەوە و بە ئاهەنگی پڕ لە جۆش و خرۆش و سروودی ئاینیی هەڕەشەیان لە ئیسرائیل کرد.
 
پیاوێک پۆستەرێكی بەرزکردووەتەوە بە عەرەبی لەسەری نووسراوە "رۆژی تۆڵەسەندنەوەیە".
 
لەسەر باڵەخانەیەک تابلۆیەک کێشراوە، ئاڵای ئیسرائیل و مووشەکی خەیبەر و بە هەردوو زمانی فارسی و عیبری نووسراوە "شەپازلـلەی داهاتوو تووندترە".
 
ئەم کەرە بۆزە بە ئاڵای ئیسرائیل و درووشمی مردن بۆ ئەو وڵاتە داپۆشراوە.
 
بە گوتەی ئیسرائیل 99٪ی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل تێکشکێندراون، یان خۆیان بەر لە گەیشتنیان بەو وڵاتە تێکشکاون.
 
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن پێچەوانەی ئێران، ئیسرائیل نیازی هەیە لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی بۆسەر ئێران؛ نوێترین توانا تێکنەلۆجییەکانی لە هێرشکردن و پێکانی بێ هەڵەی ئامانجەکان، پیشانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکەی بدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە