رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی سێیەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێران پەسندکرد و داوا لە دەسەڵاتی ئێران دەکات، کۆتایی بە سەرکوتکردنی بەرفراوانی خەڵکی ئەو وڵاتە بهێنێت.
لە حەفتا و هەشتەمین کۆبوونەوەی لیژنەی سێیەمی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەی سەرکۆنەکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسندکرا. بڕیارنامەکە لەلایەن نوێنەرایەتیی کەنەداوە پێشنیازکرا و بە دەنگی بەڵێی 80 وڵات پەسند کرا. 29 وڵات بە دژ و 65 وڵاتیش بە بێلایەن دەنگیان دا.
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، "سەرکوتی ئامانجداری ژنان و کچان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زۆر زیاتر بووە و داوا دەکەن، کۆتایی بەو سەرکوتە بهێندرێت." هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، "جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران روو لە زیادبوونە و خەڵک بەپێی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێ ئەوەی لە دادگایەکی دادپەروەردا سزا بدرێن، لەسێدارە دەدرێن."
بڕیارنامەکە داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، کۆتایی بە هەڵسوکەوتی بێ بەزەییانە لەگەڵ دژبەرانی بهێنێت و دەستبەسەرکردن و سزادانی خۆسەرانەی دژبەران بوەستێنێت.
ئێران ئەو بڕیارنامەیە رەتدەکاتەوە. ناسڕ کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بڕیارنامەکە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک بانگەشەی بێ بنەما و ناڕاستە دژی ئێران و بە ئامانجی سیاسی پەسندکراوە.
لیژنەی سێیەم یەکێکە لە شەش لیژنە سەرەکییەکەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، کاروباری مرۆڤدۆستانە و بابەتی مافی مرۆڤ پەیوەندییان بەو لیژنەیەوە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ