رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران نامەیەک بۆ محەممەد زەیف، بەرپرسی کەتیبەکانی عزەدین قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس دەنێرێت و دەڵێت، لاوازیی ئیسرائیلتان لەوە لاوازتر نیشاندا کە هەیە؛ دەشڵێت، "لەدوای تۆفانی ئەقساوە فەلەستین و ناوچەکە وەک پێشتر نەماون".
لە نامەکەیدا فەرماندە ئێرانییەکە فەرماندەکەی حەماس بە "سەرکردەی خۆشەویست" ناودەهێنیت و دەڵێت، "سەرکەوتن نزیکبووەتەوە؛ پاککردنەوەی مزگەوتی ئەقسا لە خراپەکاریی زایۆنییەکان لە هەموو کاتێک نزیکترە".
شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، نامەیەکی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ محەممەد زەیف، فەرماندەی گشتی کەتیبەکانی عزەدین قەسام، باڵی چەکداریی بزووتنەوەی حەماس بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەسنی کردەوەکانی چەکدارانی حەماس دژی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "پیرۆزبایی سەرکەوتنە پشتیوانیلێکراوەکەتان دەکەم".
لە پەیامەکەدا کە هیچ رێککەوتێکی لەسەر نییە و دیار نییە کەی نێردراوە، بەڵام ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، فەرماندەکەی کەتیبەکانی عزەدین قەسام بە "برای خۆشەویست، سەرکردەی موجاهید و شەهیدی زیندوو ئەبو خالید محەممەد زەیف" ناودەبات و دەڵێت، "بە پشتیوانی خودا، سەرخستنی داستانێکی مەزنتان بەناوی تۆفانی ئەقسا تۆمارکرد؛ بەو سەرکەوتنە کە خودای گەورە لەسەر دەستی موجاهیدانی کەتیبەکانی عزەدەین قەسام و موجاهیدانی دیکەی موقاوەمەت لە غەززە تۆماری کرد، بە ڕوونی لاوازی قەوارەی زایۆنیی داگیرکەرتان خستەڕوو و بەکردەیی و یەکلاییکەرەوە سەلماندتان ئەو قەوارەیە لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە. لە وەسفی ئەو رووداوە مەزنەدا ئەوەندە بەسە کە دۆست و دوژمن دانیان پێدا ناوە بەوەی لەدوای تۆفانی ئەقساوە فەلەستین و ناوچەکە وەک پێشتر نەماون".
محەممەد زەیف لەدایکبووی ساڵی 1965ـە، لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە خوێندوویەتی و لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بۆ ماوەی ساڵێک و چوار مانگ لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل زیندانی بووە؛ سەرپەرشتی چەندین کردەوەی دژی ئیسرائیل کردووە؛ ساڵی 2000 دەستگیرکرا و دواتر لە زیندان هەڵات.
ئیسماعیل قائانی لە نامەکەیدا ئیسرائیل بە کوشتنی خەڵکی سڤیل تۆمەتبار دەکات و لەبارەی هێرشە زەوینییەکانی ئیسرائیلیشەوە دەڵێت، "موقاوەمە لە غەززە بۆ هەمووانی سەلماند کە توانای دەستپێشخەری و داهێنانی هەیە"؛ دەشڵێت، "ئەمڕۆ غەززە بەرگری لە شکۆی گەلێک دەکات".
قائانی وەک چۆن بە ئایەتێک لەبارەی شەڕکردن و بەزاندنی دووژمن دەستی بە نامەکەی کردووە، کۆتاییەکەشی بە ئایەتێک کە باسی سەرکەوتن دەکات کۆتایی پێهێناوە و دەڵێت، "خۆشحاڵم بەناوی خۆم و برایانتان لە سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پیرۆزبایی لە ئێوە و هەموو موجاهیدان و سەرجەم رۆڵەکانی گەلی فەلەستین بۆ ئەو سەرکەوتنە پشتیوانیلێکراوە بکەم. لەچوارچێوەی بەردەوامیمان بە پاراستن و پشتیوانیکردنی کاریگەرانەی موقاوەمەت، بە هەموو شتێک کە لەسەرمان بێت لەم شەڕە مێژووییەدا دەیکەین".
حەماس لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمیدا بۆسەر باشووری ئیسرائیل، جگە لە کوشتنی هەزار و 1200 کەس، زیاتر لە 240ی هاووڵاتی بە بارمتە گرت.
رۆژی 15-11-2023، نووسینگەی میدیای حکومی غەززەش بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە غەززە بەهۆی شەڕەوە کوژراون گەیشتووەتە 11 هەزار و 500 کەس کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ