خەڵکی غەززە بە تامەزرۆیی زۆرەوە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئاگربەستن

17-01-2025
محەممەد سالم
فەلەستینییەکان ئاگربەستەکە بە ترووسکەیەکی هیوا دەزانن.
فەلەستینییەکان ئاگربەستەکە بە ترووسکەیەکی هیوا دەزانن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ماڵەکەی مەریەم بە بۆردوومانی ئیسرائیل رووخاوە و لە شەڕی غەززەدا دەیان جار دەربەدەریی بینیوە، بەڵام هێشتا هیوای لەدەست نەداوە؛ چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئاگربەستە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەییەکی لەبیرنەکراو.
 
مەریەم ئەبو جامع، ژنێکی غەززەییە کە لە خوزاعەوە بۆ رۆژئاوای شاری خان یونس ئاوارە کراوە؛ ئازارەکانی لەگەڵ منداڵ و نەوەکانی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
 
مەریەم دەڵێت، "هیوامان بە جێبەجێکردنی ئاگربەستە تاوەکو بتوانین بگەڕێینەوە ناوچەکانمان و ئەوەی لە ماڵەکانمان ماوە و لە سەرما و باران رزگارمان بێت و لە ئازاری ئاوارەیی، برسێتی و کەموکوڕیی گەورە لە هەموو شتێک رزگارمان بێت، تەنانەت لە دەستکەوتنی ئاو و لە زستانیشدا ژێر ئاو دەکەوین، هەروەها لە ئاوارەیی و قەیرانە فرەجۆرەکان رزگارمان بێت کە تێیدا دەژین".
 
گەورە و بچووک لێرە لە کەرتی غەززە ئازاریان لە دەرئەنجامەکانی شەڕەکە چەشت کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە نێوان ئیسرائیل و گرووپە فەلەستینییەکان هەڵگیرسا و بڕیارە رۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ ئاگربەست جێبەجێ بکرێت.
 
ئیسماعیل عوبێد، ئاوارەیەک لە بێت لاهیاوە دەڵێت، "چاوەڕێی ئاگربەستمان دەکرد، بەڵام سەرسام بووین بەوەی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت، لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە راگەیێندرا، هەستمان بە خەمباری و بێزاری کرد لەو دواکەوتنە، چونکە دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەکانمان لە بێت لاهیا لە باکووری کەرتی غەززە، چونکە ماندووین لە ئاوارەییەک کە زیاتر لە 13 مانگی بەردەوامی شەڕ و وێرانکاری تێپەڕاندووە و هەزاران شەهیدمان داوە و هەزاران نەخۆش و بریندارمان هەیە".
 
موئمین ئەبو شەوارب، ئاوارەیەک لە رەفەحەوە باس لەوە دەکات، "چەندین مانگە چاوەڕێی ئاگربەستین و ئازارێکی گەورەمان چەشتووە، دوای راگەیاندنی کاتی رێککەوتنەکە زیاتر لە 50 فەلەستینی کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون، لێرەوە دەپرسین بۆچی دواخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و بۆچی ئەمڕۆ جێبەجێ ناکرێت، ئێمە شەڕ و فڕینی فڕۆکە ئیسرائیلییەکانمان ناوێت و لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین".
 
ئاگربەستەکە دوای ئەوە دێت کە بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینی لە غەززە، شەڕەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 46 هەزار هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 110 هەزاری دیکە.
 
سەرەڕای دواکەوتن لە رێککەوتن و جێبەجێکردنی، بەڵام فەلەستینییەکان لێرە لە کەرتی غەززە بە ترووسکەی هیوایەکی دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بەوەی ناویان ناوە شەڕی لەنێوبردن کە زیانی زۆر و بێوێنەی پێگەیاندوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە