رووداو دیجیتاڵ
ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد، پشتگیری لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بکەن بۆ بنبڕکردنی حیزبوڵڵا. ئەمە لە کاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی وشکانیی لە ناو خاکی لوبنان راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 16-03-2026 هێرزۆگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی (AFP) رایگەیاند، "پێویستە ئەورووپا پشتگیری لە هەر هەوڵێک بکات بۆ لەناوبردنی حیزبوڵڵا. دەبێت ئەوان تێبگەن کە ئەگەر دەتەوێت بگەیت بە ئەنجام، هەندێک جار پێویستە لە جەنگدا ببەیتەوە."
سەرۆکی ئیسرائیل پێشوازی لە پێشنیازەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کرد بۆ میوانداریکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل و گوتی، "ئەم گفتوگۆیانە زۆر گرنگن، چونکە کاتی ئەوە هاتووە بەرەو پێشەوە بچین لەگەڵ لوبنان،" بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو هیچ ئاماژەیەکی فەرمیی بۆ قبووڵکردنی دانوستاندن نیشان نەداوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانیان دەستیان کردووە بە "ئۆپەراسیۆنی وشکانیی سنووردار و ئامانجدار" دژی مۆڵگە سەرەکییەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.
بەپێی راگەیێندراوی سوپا، ئامانجی ئەم کارە تێکدانی ژێرخانی سەربازیی گرووپەکەیە بۆ پاراستنی دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل. ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، لەوکاتەوەی شەڕە نوێیەی حیزبوڵڵا دەستیپێکردووە، "زیاتر لە 400 تێرۆریست" کوژراون.
حکومەتی لوبنان رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی جەنگدا، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش ئاشکرای کرد، هێرشەکانی ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە بوونەتە هۆی کوژرانی 886 کەس، کە 111یان منداڵن، هەروەها دوو هەزار و 141 کەسیش بریندار بوون. تاوەکو ئێستا 132 هەزار ئاوارە لە ناو پەناگە گشتییەکاندا نیشتەجێکراون.
لەلایەکی دیکە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر شاری نهاریا لە باکووری ئیسرائیل. دەزگەی فریاکەوتی ئیسرائیل رایگەیاند، پیاوێک بەهۆی تەقینەوەکەوە بریندار بووە و شەش کەسی دیکەش بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
حیزبوڵڵا جەختی کردەوە، چەکدارەکانیان لە شارۆچکەی خیام لە سەر سنوور، لە "رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ"دان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل و چەندین تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازییان پێکاوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، "ئەو لوبنانییانەی ناوچەکانی باشووریان جێهێشتووە، ناتوانن بۆ ناوچەکانی باشووری رووباری لیتانی بگەڕێنەوە، تاوەکو ئاسایشی تەواوەتی بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل دابین نەکرێت." سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شارەکانی باکووری خۆی چۆڵ ناکات.
تورکیا سەرکۆنەی ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکەی ئیسرائیلی کرد و هۆشداری دا لە دروستبوونی "کارەساتێکی مرۆیی نوێ" لە ناوچەکەدا.
سەرکردەکانی کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و بەریتانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا هۆشدارییان دا کە هێرشی وشکانیی بەرفراوان دەبێتە هۆی لێکەوتەی مرۆیی وێرانکەر و جەنگەکە زۆر درێژخایەن دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ