رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شاری نەهاریە و دەوروبەری لە باکووری ئیسرائیل بۆردوومان کرد؛ دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەواوی ناوچەکە دەبیسترێت و سوپای ئیسرائیلیش لە ئامادە باشیدایە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، حیزبوڵڵای لوبنان لە چەند لایەکەوە مووشەکی بەرەو شاری نەهاریە لە باکووری ئیسرائیل تەقاندووە. میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە کە سیستمی بەرگریی "گومەزی ئاسنین" هەوڵی تێکشکاندنی مووشەکەکانی داوە، بەڵام دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ئاسمانی ناوچەکە بیستراوە و ژمارەیەک لە مووشەکەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بۆردوومانە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان.
شاری نەهاریە، کە شارێکی کەناراویی ستراتیژییە لە باکووری ئیسرائیل، ئێستا بووەتە چەقی پێکدادانەکان. لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان، سوپای ئیسرائیل ئامادەباشیی هێزەکانی لەسەر سنوور گەیاندووەتە بەرزترین ئاست بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر ئەگەرێکی دیکە.
رۆژی 28ی شوبات هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، رۆژی دووی ئادار حیزبوڵڵای لوبنان پشتیوانی خۆی بۆ ئێران دەربڕی و درۆن و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، ئیسرائیلیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. بەپێی ئامارەکان بەهۆی شەڕی نێوان هەردوولا زیاتر لە 800 کەس لە لوبنان گیانیان لە دەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ