راپۆرتێک: کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان واشنتن و تاران کراوەتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە ئەمریکییەکان ئاشکرای دەکەن، کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کراوەتەوە؛ ئەمەش وەک یەکەمین هەوڵ بۆ گفتوگۆ دەبینرێت لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هەردوولا.
 
رۆژی دووشەممە 16-03-2026 ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی زنجیرەیەک نامەی بۆ ستیڤ ویتکۆف ناردووە و تێیدا جەختی لە پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردووەتەوە. ئەمە یەکەمین پەیوەندیی فەرمیی نێوان تاران و واشنتنە لەو کاتەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئێرانییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردووە و گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن و لەگەڵ خەڵکی ئێمە قسە دەکەن. کەسانێکمان هەن دەیانەوێت دانوستاندن بکەن، بەڵام ئێمە هیچ بیرۆکەیەکمان نییە کە ئەوان کێن یان ئایا دەسەڵاتی واژۆکردنی رێککەوتنیان هەیە یان نا."
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی کوژرانی زۆربەی بەرپرسە باڵاکان و نادیاریی چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، نازانن کێ لە ئێران بڕیاری کۆتایی دەدات.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، واشنتن داواکاریی ئێرانی بۆ وەرگرتنی "قەرەبوو" وەک بەشێک لە رێککەوتنی ئاشتی رەتکردووەتەوە، بەڵام ترەمپ ئامادەیە بۆ رێککەوتنێک کە رێگە بە ئێران بدات تێکەڵی جیهان ببێتەوە و لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەکەیەوە داهات بەدەستبهێنێت. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی دەڵێت: "سەرۆک هەمیشە ئامادەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام لە پێگەیەکی لاوازەوە دانوستاندن ناکات."
 
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران رەتی دەکەنەوە چووبێتنە نێو هیچ دانوستاندنێکی ئاگربەست لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ. تاران جەخت دەکاتەوە کە ئارەزووی ئاگربەستێکی کاتی ناکات کە رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل بدات هێزەکانیان تۆکمە بکەنەوە، بەڵکو تەنیا رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی دەوێت.
 
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی و تێکشکانی زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئێران، واشنتن عەباس عێراقچی وەک تەنیا کەسی دەستپێگەیشتوو دەبینێت بۆ قسەکردن. هاوکات زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە عێراقچی لەگەڵ عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی هەماهەنگی دەکات، کە ئێستا وەک "رێبەری سڤیلی دیفاکتۆ"ی ئێران هەژمار دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە