رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، لە چوار رۆژی یەکەمی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، سوپای پاسداران 370 مووشەکی بالیستییان بەرەو ئیسرائیل هاوێشتووە و سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیلیش توانیویانە 90٪یان تێکبشکێنن و تەنیا 30 لەو مووشەکانە لە سیستمەکان دەربازیان بووە و بەر شوێنە جیاوازەکانی ئیسرائیل کەوتوون.
رۆژی سێشەممە، حکومەتی ئیسرائیل لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هەندێک لە ئامارەکانی جەنگە پێنج رۆژییەکەی نێوان وڵاتەکەیان و ئێران بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە شەوی 13ی حوزەیرانەوە، ئێران زیاتر لە 370 مووشەکی بالیستی بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل هاوێشتووە و لەو ژمارەیەش تەنیا 30 مووشەکیان لە سیستمی بەرگرییەکانی ئیسرائیل دەربازیان بووە و بەر ئامانجەکانیان کەوتوون.
هەروەها بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئیسرائیلی بڵاویکردوونەتەوە، تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئێران بووەتە هۆی کوژرانی 24 کەس و برینداربوونی لانیکەم 600 کەسی دیکەش کە 10یان برینەکانیان سەختە و 36شیان لە دۆخێکی جێگیردان و 546یان برینەکانیان سووکە.
ئیسرائیل رایگەیاندووە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران زۆربەی کات بە شەوان بووە و پێش گەیشتینیان بە 30 خولەک، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیداوە و ئەمەش وایکردووە ئیسرائیلییەکان پێش گەیشتنی مووشەکەکان و بەرپەرچدانەوەیان لەگەڵ سیستمە فرەلایەنەکانی ئیسرائیل، خۆیان لەنێو پەناگەکان حەشار بدەن و ئەمەش وایکردووە کەمترین زیانی گیانی لەنێو هاووڵاتیانی ئیسرائیلی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ