هێرشەکانی ئیسرائیل، ئاو و کارەبایان لە باشووری لوبنان بڕیوە

18-07-2024
لهۆن نەسرەدین
شەڕی حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل زیانی بە ژێرخانی باشووری لوبنان گەیاندووە
شەڕی حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل زیانی بە ژێرخانی باشووری لوبنان گەیاندووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


مەحموود ناچارە رۆژانە بە دەبە، ئاو لە خوارەوەی گوندەکەیان بباتەوە بۆ ماڵەوە؛ هەفتەیەکە یەک جار ئاو بە بۆریی ماڵی سیلڤانای دراوسێشیدا چووە؛ کارەباشیان نییە.
 
ماڵی مەحموود لە قەزای مەرجعییوونە لە باشووری لوبنان، کەمتر لە 8 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. شەڕی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل، زیانێكی گەورەی بە ژێرخانی ئاو  و کارەبای ناوچەکە گەیاندووە. 
 
مەحموود، هاووڵاتیی لوبنان دەڵێ "سەبارەت بە بۆردوومانەکە، ئامانجی ئەم تۆپبارانەی ئیسرائیل وێستگەی کارەباکە بوو، وێرانیشی کرد." 
 
تاکە وێستگەی کارەبای ناوچەکە، وێرانکراوە، بەمەش تۆڕبایینەکانی دابینکردنی ئاو بۆ مەرجەعیوون و لانیکەم پێنج ناوچەی دیکە، پەکیان دەکەوێت.
 
وەسیم زاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی مەرجەعییوون دەڵێ "ئەمە یەکەم جار نییە کارەبای ئەم ناوچەیە بکرێتە ئامانج؛ دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ئاو لە ناوچەکە ببڕن، زیانەکان گەورەن و بە چارەسەرنەکردنیان قەیرانی ئاو گەورەتر دەبێت." 
 
بە هەرشوێنێکی لوبناندا بڕۆیت بە تایبەتی لە باشوور؛ دەنگی مۆلیدەی کارەبایە؛ کێشەیەکە زیاتر لە سێ دەیەیە بەرۆکی لوبنانی گرتووە و شەڕی غەززە قووڵتری کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە