رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرگری لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و پێیوایە ئەوانەی لە ئیسرائیل کوژراون "سەربازن" و دەشڵێت، "ئەگەر سڤیلیش بن، خۆ ئیسرائیل سەت هێندەی ئەو ژمارەیەی لە خەڵکی فەلەستین کوشتووە."
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ گەنجانی سەرکەوتووی بوارە جیاوازەکانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند: "ئەگەر رژێمی زایۆنی لە تاوانەکانی بەردەوامبێت، موسڵمانان و هێزەکانی موقاوەمە ئارامییان نامێنێت و ئیدی کەس ناتوانێت پێشیان پێبگرێت."
عەلی خامنەیی گوتی: "با ئەوە بزانن و ئیتر چاوەڕوان نەبن کە نەهێڵرێت فڵانە گرووپ، فڵانە کار بکات، لەبەرئەوەی کاتێک ئارامیان نەما، کەس ناتوانێت پێشیان پێبگرێت، ئەوە راستییەکە و هەیە".
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ئاماژەیدا؛ "زۆر کەس بۆ بەرگریکردن لە رژێمی زایۆنی، رەخنەی ئەوە دەگرن کە فەلەستینییەکان بۆچی خەڵکی سڤیلیان کوشتووە. یەکەمیان، ئەو قسەیە راست نییە، واتا ئەوانەی لەو شارۆچکانەدا دەژین خەڵکی سڤیل نین و هەموویان چەکدارن".
خامنەیی دەڵێت: "با داینێین ئەو کەسانە سڤیلیش بن، ئێستا ژمارەی کوژراوە سڤیلەکانیان چەندە؟ سەت هێندەی ئەو ژمارەیە لەلایەن ئەو رژێمە، بە ژن و منداڵ، پیر و گەنج و سڤیلەوە کوژراون، ئەویش لەو باڵەخانانەی غەززەدا کە خەڵکی چەکداری تێدا نییە، هێزە چەکدارەکان لە شوێنەکانی خۆیانن و ئەوانیش دەزانن کە خەڵکی ئاسایین، بەڵام بە ئەنقەست شوێنی سڤیل و قەرەباڵخ بەئامانج دەگرن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ