رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی غەززە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانیی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 500 کەس.
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری تەندروستیی جیهانی داوای دەستبەجێ پاراستنی خەڵکی سڤیل لە غەززە دەکات و دەڵێت، "تەندروستیی جیهانی، بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانکردنی سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە غەززە دەکات."
میسر سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دەستوەردان بکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو پێشێلکارییانەی دەکرێن.
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، هێرشی سەر ئەو نەخۆشخانەیە "تۆقێنەرە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە".
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، "قبووڵکراو نییە نەخۆشخانەیەک بکرێتە ئامانج".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، هێرشی سەر نەخۆشخانەکە "دوایین نموونەی هێرشەکانی ئیسرائیلە کە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی داماڵراوە".
ئەردۆغان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی، "داوا لە مرۆڤایەتی دەکەم هەنگاو بنێت بە مەبەستی وەستاندنی ئەم دڕاندایەتییە بێ وێنەیەی لە غەززە هەیە".
وەزیری دەرەوەی قەتەریش لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی، "زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، لەوانەش بە ئامانجکردنی نەخۆشخانە، قوتابخانە و ناوەندەکانی دیکە کە خەڵک تێیاندا دەمێننەوە، هەڵکشانێکی مەترسیدارە".
دوای هێرشەکەش، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدی فەلەستینی سێ رۆژ ماتەمینی راگەیاند و بەگوێرەی بەرپرسانی فەلەستین، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لە عەمانی پایتەختی ئوردن هەڵوەشاندووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ