رووداو دیجیتاڵ
تەنیا لە ماوەی چەند ساڵێکی کەمدا، نەخشەی سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرچەرخانێکی دراماتیکی بەخۆوە بینی. محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، کە رۆژێک لە رۆژان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی بە "هیتلەری نوێی ناوچەکە" ناودەبرد و هۆشداریی تووندی دژی هەر جۆرە نەرمینواندنێک لەبەرانبەر ئێران دەدا، ستراتیژیی خۆی گۆڕی بۆ ئاشتەواییەکی مێژوویی لەگەڵ تاران. بەڵام ئێستا، تەمومژێکی چڕ باڵی کێشاوە بەسەر ئەو ئاشتەواییەدا و "خراپترین ترسەکان" خەریکە دەبنە راستی.
دوای دوو هەفتە لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران وەڵامەکەی ئاراستەی سعودیە و دراوسێ کەنداوییەکانی کردووە. لە هێرشەکاندا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی شانشینەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز، پاڵاوگەی ستراتیژیی "راس تەنورە" و کێڵگەی نەوتی "شەیبە" کراونەتە ئامانج. ئەم پەرەسەندنە تەنیا هەڕەشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو لێدانێکی کوشندەیە لەو "سەقامگیرییە"ی کە بناغەی پڕۆژە ئابوورییە زەبەلاحەکانی بن سەلمانە.
"ئەمە دوایین شت بوو کە ئەو بیەوێت"
بێرنارد هایکڵ، پرۆفیسۆری خوێندنەکانی رۆژهەڵاتی نزیک لە زانکۆی پرینستۆن، کە لە نزیکەوە لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان لە پەیوەندیدایە، بە رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی گوتووە "ئەمە دوایین شت بوو کە ئەو بیەوێت. ئەو سەقامگیری و رێکوپێکی دەوێت، نەک موشەک و درۆن بە دەوروبەریدا بفرن. ئەو بە هیچ شێوەیەک ئەمەی نەدەویست."
بە گوتەی هایکڵ، شازادەی جێنشین هەموو هەوڵێکی خۆی دابوو تاوەکو سعودیە لە هەر ململانێیەکی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا بەدوور بگرێت. بەڵام ئێستا، وێنای سعودیە وەک "پەناگەیەکی ئارام" بۆ وەبەرهێنان و گەشتیاری لەژێر هەڕەشەدایە. پێشبڕکێکانی فۆرمولا 1 کە بڕیار بوو لە سعودیە و بەحرێن بەڕێوەبچن، بەهۆی ناسەقامگیرییەوە هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ساردبوونەوەی وەبەرهێنەرە بیانییەکان.
ئارامکۆ و ئابووریی جیهانی لە لێواری کارەسات دا
نیگەرانییەکان تەنیا لەناو سنوورەکانی سعودیە دا نین. ئەمین ناسر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زەبەلاحی "ئارامکۆ"، هۆشدارییەکی تووند دەدات. ئەو دەڵێت: "ئەم قەیرانە تا ئێستا گەورەترین قەیرانە کە رووبەڕووی پیشەسازیی نەوت و گازی ناوچەکە بووەتەوە." ناسر جەخت دەکاتەوە، کە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ئەنجامەکان بۆ ئابووری جیهان "کارەساتبار" دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستڕاگەیشتنی سعودیە بە دەریای سوور تا رادەیەک یارمەتیدەر بووە لەوەی کە خۆی لە گەرووی هورمز بەدوور بگرێت، کە ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بە کردەوە داخراوە، بەڵام بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان دەتوانێت لە هەر ساتێکدا شێری پیشەسازیی سعودیە پەکبخات.
پاشەکشەی دیدگای 2030
فیراس مەقسەد، بەڕێوەبەری جێبەجێکار بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆمەڵەی یوراسیا قسەی بۆ فاینانشەڵ تایمز کردووەو پێیوایە ئەم ململانێیانە لێدانێکی گەورەیە لە "دیدگای 2030". مەقسەد دەڵێت: "ئەوان پێشتر لە ئامانجەکانیان دوورکەوتبوونەوە، ئێستا دەبێت سەرنج بخەنە سەر شتی دیکەیش. دەبێت خەرجییەکان بەرەو بەرگری ئاراستە بکەنەوە."
بە بڕوای ئەو، ئەم دۆخە وا دەکات پرۆسەی گۆڕانکاریی ئابووریی سعودیە کاتێکی زۆر زیاتری بوێت و متمانەی وەبەرهێنەری بیانی لاواز بکات، کە ریاز چەندین ساڵە کاری بۆ دەکات.
تەڵەی جیۆپۆلەتیکی و پرسی "تەواوکردنی کارەکە"
سەردەمی ئێستا بۆ سەرکردەکانی کەنداو، سەردەمی "هەڵبژاردنی خراپ لە نێوان خراپەکاندا"یە. لە لایەکەوە لە پاشاگەردانی دەترسن، لە لایەکی دیکەوە دەترسن ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکان رابگرێت، ئێران وەک "رژێمێکی بریندار و تووندڕەوتر" بمێنێتەوە.
کەسێکی ئاگادار لە بیرکردنەوەی ناوەندەکانی بڕیار لە ریاز دەڵێت، سعودیە نایەوێت رژێم لە ئێران بگۆڕدرێت، بەڵکو کۆمارێکی ئیسلامیی لاوازی دەوێت.
لێرەدا فیراس مەقسەد ئاماژە بە خاڵێکی هەستیار دەکات؛ ئەو دەڵێت هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئێستا دەیانەوێت ترەمپ "کارەکە تەواو بکات" و تواناکانی ئێران بۆ هاوێشتنی موشەک و درۆن بە تەواوی تێکبشکێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەوە باجێکی کاتیشی هەبێت.
یەمەن؛ بەرەیەکی دیکەی مەترسی
ترسێکی دیکەی ریاز ئەوەیە، کە حوسییەکانی یەمەن، کە لە ساڵی 2022ەوە لە ئاگربەستێکی ناسکدان لەگەڵ سعودیە، جارێکی دیکە بچنەوە ناو شەڕەکە. عەزیز ئەلغەشیان، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی "نایف" بۆ زانستە ئەمنییەکان، دەڵێت بێزارییەکی زۆر هەیە لەوەی کە سعودیە بووەتە قوربانیی جەنگێک، کە نەتەنیاهۆ و ئەمریکا هەڵیانگیرساندووە.
ئەلغەشیان دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لێرە نییە تەنها بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ لێکەوتەکانی شەڕەکەیاندا بژین، بەڵکو ئەوان جەنگەکەی ناتانیاهۆ دەکەن."
هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستیش بڵاویکردووەتەوە، کە بەرپرسانی کەنداو لە ئەمریکا توورەن، ئەوان واشنتۆن تۆمەتبار دەکەن بەوەی ناوچەکەی پەلکێشی شەڕێک کردووە کە بەرژەوەندییە باڵاکانی ئیسرائیلی تێدا پارێزراوە، بەڵام ژێرخانی وڵاتانی عەرەبی لەبەردەم مووشەکەکانی ئێراندا بێ بەرگری جێهێشتووە.
دیپلۆماسی لە ژێر ئاگردا
سەرەڕای هێرشەکان، سعودیە پەنای بۆ هاوپەیمانە هەرێمییەکانی دیکەیش بردووە. ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئاشکرای کرد کە هۆشداریی تووندیان داوەتە تاران سەبارەت بە هەر هێرشێک بۆ سەر سعودیە، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پەیماننامە بەرگرییەی کە لە نێوان ریاز و ئیسلام ئاباد واژۆ کراوە. دار پێیوایە ئەمە هۆکار بووە بۆ ئەوەی هێرشەکان لەوەی هەیە "کەمتر" بن، هەرچەندە هێرشی رۆژانە هێشتا بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە، چین وەک کڕیارێکی گەورەی نەوتی هەردوو وڵات، لە ژێر گوشاری ریازدایە تاوەکو رێگری لە تاران بکات، بەڵام وەک شیکەرەوەکان دەڵێن، "ئەو وەهمە نەما" کە دەکرا پەیوەندییەکی کاریی تەندروست لەگەڵ ئێراندا پەرەی پێ بدرێت.
ئێستا سعودیە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. لە لایەکەوە رێککەوتنی بەرگریی نوێی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ هەیەو لە لایەکی دیکەوە "ستراتیژیی زەوی سوتاو"ی ئێران هەڕەشە لە بوونیان دەکات. وەک بێرنارد هایکڵ ئاماژەی پێ دەدات، ترەمپ کەسێکی "مامەڵەکار و پێشبینی نەکراوە"، ئەمەش دڵەڕاوکێی ریازی زیاتر کردووە.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا محەمەد بن سەلمان دەتوانێت کەشتیی "دیدگای 2030" لەم گەردەلوولە رزگار بکات، یان موشەکەکانی تاران خەونە ئابوورییەکانی شازادە لەگەڵ خۆیاندا دەسووتێنن؟ رۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەمە دەدەنەوە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە، کە ناوچەکە چیتر ناگەڕێتەوە بۆ پێش دوو هەفتە لەمەوبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ