رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لیبیا ئەو راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردەوە، کە گوایە، ئیدارەی ترەمپ بەنیازی جێبەجێکردنی پلانێکە بۆ گواستنەوەی ملیۆنێک فەلەستینی لە غەززەوە بۆ لیبیا.
رۆژی یەکشەممە 18ـی ئایاری 2025، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری ترابلوسی لیبیا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئەو راپۆرتە میدیاییانەی رەتکردنەوە، کە باس لە گواستنەوەی خەڵکی غەززە دەکەن بۆ لیبیا. لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئەو راپۆرتانەی باس لە پلانی گواستنەوەی غەززەییەکان بۆ لیبیا دەکەن، راست نین."
رۆژی پێنجشەممە 15ـی ئایاری 2025، میدیای ئەمریکا بڵاوی کردەوە، ئیدارەی ترەمپ سەرقاڵی گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن غەززەییە بۆ لیبیا و بەرپرسانی ئەمریکیش ئەو پلانەیان لەگەڵ بەرپرسانی لیبیا باس کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی لیبیا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.
میدیای ئەمریکا، ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە کە بەگوێرەی پلانەکەی ئەمریکا، لەبەرامبەر رازیبوونی لیبیا، واشنتنیش ئەو ملیۆنان قەرزەی لەسەر دەوڵەتی لیبیایە، خۆش دەبێت.
لەسەرەتای دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک رایگەیاندووە، ئیدارەکەی ئارەزووی هەیە، کەرتی غەززە بگرێتەدەست و دانیشتووانەکەشی بگوازێتەوە بۆ شوێنی دیکە، بەڵام غەززەییەکان و وڵاتانی عەرەبی ئەو پلانەیان رەتکردووەتەوە بەتایبەتی هەریەک لە وڵاتانی میسر و ئوردن.
لەکاتی گەشتەکەی هەفتەی رابردووشی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ترەمپ جارێکی دیکە رایگەیاند، ئەوان ئەو کەرتە دەکەنە "زۆنێکی ئازادی، چونکە ئێستا ئەو کەرتە هیچی تێدا نەماوە"
سێشەممە، 13ـی ئایار، بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئێستا حکومەتی ئیسرائیل لە گفتوگۆدایە، لەگەڵ وڵاتان تاوەکو رازییان بکەن و غەززەییەکان وەرگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک رازی نەبووە بە وەرگرتنی غەززەییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ