بەرپرسێکی باڵای حەماس: ئاسایشی غەززە لەدەست خۆمان دەمێنێتەوە و چەکیش دانانێین

18-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، بزووتنەوەکەیان دەسەڵاتی ئاسایشی کەرتی غەززە رادەست ناکات. ئاماژە بەوەش دەکات، گرووپەکەیان ناتوانێت پابەند بێت بە چەکدانان.
 
محەممەد نەزەل، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رۆژی هەینی 17ی تشرینی یەکەمی 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، گرووپەکەیان ئامادەیە بۆ واژۆکردنی ئاگربەستێکی 5 ساڵە بۆ بونیاتنانەوەی کەرتی غەززەی وێرانکراو.
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس کە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر نیشتەجێیە، بەرگریی لە رێوشوێنە تووندەکەی حەماس کرد کە لەدوای واژۆکردنی رێککەوتننامەی غەززە، چەکدارانی ئەو گرووپە بە ئاشکرا و لەسەر شەقامەکان، نەیارەکانیان بە تۆمەتی "خیانەتکردن" دەکوژن.
 
ئەو دەڵێت، "لەکاتی جەنگیشدا هەمیشە رێوشوێنی نائاسایی هەبووە و ئەوانەی کوژراون، تاوانبارن بە کوشتن."
 
"گوشار بۆ چەکداماڵین"
 
هەرچەندە حەماس پێشتریش ئەو بۆچوونانەی نەزالی راگەیاندبوو، دووپاتکردنەوەی ئەو هەڵوێستانە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئەو بزووتنەوەیەوە دەرخەری ئەو ئاڵنگارییە گەورانەیە، کە رێگرن لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتیی جەنگی دوو ساڵەی غەززە.
 
ئەوان ئاماژە بە بۆشایی گەورە لەنێوان هەڵوێستەکانی حەماس و پلانی ئاشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ غەززە دەکەن، پێش دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان، کە چاوەڕێ دەکرێت هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمجارە تایبەت بن بە چەکداماڵینی حەماس و ئیدارەدانی کەرتی غەززە بێت.
 
لە بەرامبەر لێدوانە نوێیەکانی ئەو بەرپرسەی حەماس، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەیان پابەندە بە رێککەوتنی ئاگربەست و بەردەوامیشە لە پابەندبوون و جێبەجێکردنی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا.
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو، لە لێدوانێکدا بۆ رۆیتەرز دەڵێت، "بڕیار بوو حەماس لە قۆناخی یەکەمدا هەموو بارمتەکان ئازاد بکات. وا دەرنەچوو. حەماس دەزانێت تەرمی بارمتەکانمان لە کوێن. بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەش بێت، دەبێت حەماس چەک دابنێت. نە ئەگەر، نە بەڵام. ئەوان ئەوەشیان نەکردووە. پێویستە حەماس پابەند بێت بە پلانە 20 خاڵییەکە، ئەگینا کاتیان لەبەردەستدا نامێنێت."
 
ترەمپ لە 29ی ئەیلوولدا لە پلانەکەیدا داوای لە حەماس کرد، دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، پێش ئەوەی پابەند بێت بە چەک داماڵین و دەستبەردارکردنی ئیدارەدانی غەززە بە لیژنەیەکی تەکنۆکرات، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
 
لە بەرامبەردا، نەتەنیاهوو پشتگیریی لە پلانەکەی ترەمپ کرد و رایگەیاند، توانا سەربازییەکانی حەماس تێکدەشکێنێت، کۆتایی بە حوکمی سیاسیی حەماس دەهێنێت و دڵنیاییش دەدات، جارێکی دیکە غەززە نەبێتەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل.
 
بزووتنەوەی حەماسیش، ئێستا گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیی لەسەرە بۆ چەکدانان و دەستبەرداربوونی کۆنترۆڵی غەززە، ئەگەرنا رووبەڕووی شەپۆلێکی دیکەی هێرشکردن دەبێتەوە.
 
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا حەماس دەستبەرداری چەک دەبێت، نەزال گوتی، "ناتوانم بە بەڵێ یان نەخێر وەڵام بدەمەوە. راشکاوانە بڵێم، ئەوە بەندە بە سرووشتی پرۆژەکە. ئەو پڕۆژەیەی کە تۆ باسی دەکەیت، مانای چییە؟ چەکەکان دەدرێنە دەست کێ؟"
 
نەزال ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بابەتانەی لە قۆناخی داهاتووی دانوستانەکاندا تاوتوێ دەکرێن، لەوانە چەکدانان، تەنیا پەیوەندیی بە حەماسەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین، بۆیە پێویستە هەمووان بگەنە یەک هەڵوێستی هاوبەش.
 
لەبارەی چەکدانانی حەماس و ئاییندەی ئەو گرووپە لە غەززە، رۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێمە بەڵێنمان لەوان [حەماس] وەرگرتوو و پێموایە پێوەی پابەند دەبن."
 
لەبارەی گەڕانەوەی تەواوی تەرمی بارمتەکانی دیکە، ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس رایگەیاند، ئەوان هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە لە هێشتنەوەی تەرمی ئەو بارمتانەی لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا دەستیان بەسەردا گرتوون.
 
تاوەکو ئێستا، حەماس لانیکەم 9 تەرمی لە کۆی 28 تەرمی بارمتە ئیسرائیلییەکان رادەست کردووەتەوە.
 
گوتیشی، "کێشەی تەکنیکی هەیە و ئەگەر پێویست بکات، لایەنە نێودەوڵەتییەکانی وەکو تورکیا و ئەمریکا هاوکارییان دەکەن بۆ گەڕان بەدوای بارمتەکاندا."
 
هەفتەی رابردوو، بەرپرسێکی باڵای تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەیان شان بە شانی ئیسرائیل، ئەمریکا، قەتەر و میسر، هێزێکی هاوبەش پێکدەهێنن، بە مەبەستی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکان.
 
حەماس لە 4ی تشرینی یەکەمدا رازی بوو بارمتەکان ئازاد بکات و حوکمڕانیی غەززەش رادەستی لیژنە تەکنۆکراتە نێودەوڵەتییەکە بکات، بەڵام گوتی پێویستە بابەتەکانی دیکە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری پرسی فەلەستینیدا چارەسەر بکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 12ی ئۆکتۆبەر، حەماس سەرجەم بارمتە زیندووەکانی ئازاد کرد و محەممەد نازالیش رایگەیاند، بڕیارە قۆناخی دووەمی دانوستاندنەکان بەمزووانە دەست پێبکەن.
 
"هیوای فەلەستینییەکان"
 
رۆژی سێشەممە 13ی ئۆکتۆبەر ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هۆشداری داوەتە حەماس، دەبێت چەک دابنێت، ئەگینا ناچار دەکرێت ئەو هەنگاوە بنێت.
 
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەدا، حەماس رەزامەندی کاتی پێدراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی نێوخۆییەکانی لە غەززە و چاوپۆشیکردن لە کوشتنی چەکدارە چەتەکانی دژی حەماسن.
 
نەزەل ئاماژەی بە لێدوانەکانی ترەمپ کرد و رایگەیاند تێگەیشتنێک هەیە سەبارەت بە بوونی حەماس لە نێو کەرتی غەززە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بدات ئەو تێگەیشتنە لەنێوان کێدایە و گوتیشی "پێویستە بارهەڵگرەکانی هاوکارییە مرۆڤییەکانی تێدایە، لەدەست باندە دز و چەتەکان بپارێزرێن."
 
ئەو بەرپرسەی حەماس دەڵێت "ئەمە قۆناخێکی راگوزەرە و ئیدارەیەکی سڤیل و تەکنۆکرات دەبێت، بەڵام وەک گوتم لەسەر ئەرزی واقیع، حەماسیش ئامادەیی دەبێت،" ئاماژە بەوەشکرد، دوای قۆناخی راگوزەر، دەبێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
 
لەگەڵ ئەوەش، نەزال رایگەیاند، لایەنکانی نێوەندگیر، هیچ گفتوگۆیان لەگەڵ حەماس نەکردووە، لەبارەی پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیریی  غەززە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی نێو پلانی ئاگربەستی ترەمپ.
 
نەزال گوتیشی "حەماس لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئاگربەستێکی درێژخایەنی لە غەززە پێشنیاز کردووە و داوای ئاگربەستی سێ بۆ پێنج ساڵیمان کردووە، بەمەبەستی بونیاتنانەوەی کەرتی غەززە. نەک ئامادەکاریی بۆ گەڕێکی نوێی جەنگ."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە