وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین: دەرمانی هەڵگیراومان نەماوە و رەنگە زۆر بریندار لەدەستبدەین

19-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین رایگەیاند، لە 13یەمین رۆژی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە سێ هەزار و 785 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 12 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون. دەشڵێت، "کارکردن لە 14 سەنتەری پزیشکی راوەستاوە و هیچ دەرمانێکی کۆگەکراو نەماوە و 23 ئەمبوڵانس کراونەتە ئامانج و 44 لە تیمە تەندروستییەکان کوژراون." 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-10-2023، وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، دواین ئامارەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سێ هەزار و 785 کەس زیادیان کردووە، لەنێویاندا هەزار و 524یان منداڵ و هەزاریان ئافرەتن و 120 کەسیان بەساڵاچوون، جگە لەوەش 12 هەزار و 493 کەسی دیکەش برینداربوون، سێ هەزار و 983یان منداڵ و سێ هەزار و 300 کەسیان ئافرەتن.
 
وەزارەتەکە روونیشیکردووەتەوە، "بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 44 کەس لە تیمە پزیشکییەکان کوژراون و 70شیان برینداربوون، 23 ئەمبوڵانسیش کراونەتە ئامانج و لەکارخراون."
 
سەبارەت بە نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییەکانیش، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین دەڵێت "19 بنکەی تەندروستی کراونەتە ئامانج، بەهۆی بچڕانی کارەبا و نەبوونی سووتەمەنی 14 بنکەی تەندروستی لە کار وەستاون، جگە لەوەش چوار نەخۆشخانە بەهۆی کردنە ئامانجی راستەوخۆ داخراون.
 
وەزارەتەکە جگە لە باسی دۆخی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیش دەڵێت، "رێژەی بەکارهێنانی شوێنەکانی مانەوەی نەخۆش 150٪ زیادیانکردووە و نەخۆشەکان لەسەر زەوی و رێڕەوی بەشەکان دەمێننەوە، هیچ دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی و سووتەمەنیی کۆگەکراو لە نەخۆشخانەکان نەماون و ئەگەر پێداویستییە پزیشکییەکان نەگەێیندرێنە نەخۆشخانەکانی غەززە، زۆر بریندار و نەخۆش گیان لەدەست دەدن."
 
بەپێی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان دوو لایەنەکەی شەڕ، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە