رووداو دیجیتاڵ
هێرش و تۆپبارانی سەر زیندانی ئەقتان لە باکووری رەققە بەردەوامە،"مەترسیدارترین" ئەمیر و بەرپرسانی داعش کە میسری، سعودی، ئۆزبەکی و ئویگورن چەند جارێک هەوڵی هەڵاتنیان داوە، لە کۆنترۆڵی ئاسایشی زیندانییەکەی چەکدارانی داعش چوار شەڕڤان شەهیدبوون و 8ـی دیکەش برینداربوون.
زیندانییەکەی رەققە نزیکەی دوو هەزار چەکداری داعشی تێدایە هێشتا لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ، هەسەدە، یەپەگە دەپارێزرێت.
دژوار کۆبانێ، رۆژنامەڤان لەنێو زیندانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای هێرشکردنە سەر رەققە و دەوروبەری ژمارەیەک چەکداری داعشی هەوڵی هەڵاتنیان داوە، تەنانەت دەرگەیەکی زیندانەکەیان شکاند، بەڵام کۆنتڕۆڵکراو رێگەنەدراوە هەڵبێن.''
ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترینی" نێو داعشن، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا.
لەبارەی ناسنامەی ئەو داعشانەی لە زیندانی ئەقتان دەستگیرکراون، دژوار کۆبانێ دەڵێت: "سعودی، ئۆزبەکستانی، میسرین، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو زیندانییەکەدا هەن."
هێرشی بەردەوامی سەر زیندانییەکە
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە 20-1-2026 رایگەیاند: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بە پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر زیندانەکە، تەقەیەکی زۆر بە ئاراستەی زیندانییەکە دەکرێت کە دەستگیرکراوی داعشی تێدایە.''
شەڕڤانان و پاسەوانانی زیندانییەکە لەژێر گەمارۆدان، چونکە رەققە کەوتووەتە دەستی سوپای عەرەبی سووریا و گرووپە چەکدارەکان، رۆژی دووشەممە هەڤاڵ چیا، کە یەکێک لە فەرماندەکانی هەسەدەیە و لە گرتووخانەی ئەقتانەوە بە رووداوی راگەیاند: "چەندین جار هێرشکراوەتە سەر گرتووخانەی ئەقتان،لە گرتووخانەکەدا نزیکەی 2000 زیندانیی داعش هەن، کە بەشێکیان سوورین و بەشێکیشیان بیانین، بۆ نموونە خەڵکی چین، ئۆزبەکستان، چیچان و وڵاتی دیکەشی لێن".
پاراستنی زیندانییەکە و شەهیدبوونی 3 شەڕڤان لەنێو ئەقتان
زیندانی ئەقتان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دروستکراوە و پاراستنی ئاسایشەکەی دراوەتە دەست هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەدوای شەڕ و هێرشەکانی گرووپەکانی سەر بە دیمەشق، چەکداران و دەستگیرکراوان هەوڵی هەڵاتن دەدەن.
دژوار کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ چەکدارانی داعش هەموومان لەنێو زیندانیەکەداین، ئاسایشەکەی لەلایەن ئاسایشی نێوخۆ، هەسەدە، شەڕڤانی یەپەگە دەپارێزرێت."
ئەو هاونیشتمانییە هۆشداری دا ئەگەر دۆخەکە وا بەردەوامبێ، "مەترسی هەڵاتنی ئەو ئەمیر و بەرپرسانەی داعش هەیە کە تاوەکو دوایین سات لە باغۆز دژی هاوپەیمانان و هەسەدە شەڕیان کردووە."
شارۆچکەی باغۆز رۆژی 23ـی ئاداری 2019 لەلایەن هەسەدەوە لەدەستی داعش دەرهێنرا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لەگەڵ 300 چەکداری راهێنراو خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، دیمەنەکانی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەسەدە لە باغۆز لەجیهان دەنگی دایەوە،چونکە دوایین پێگەی داعش بوو لە دێرەزوور، هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا کرد .
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی شەهیدبوون و بریندارانی نێو زیندانییەکە لە هەسەدە و شەڕڤانان، دژوار کۆبانێ رایگەیاند: "سێ شەڕڤان شەهیدبوون، کەمێک پێش ئێستاش شەڕڤانێکی دیکە شەهیدبوو، هەروەها 8 بریندار هەن لەنێو زیندانی ئەقتان،چارەسەری بریندارەکان زەحمەتە چونکە دەرمان و پێویستی زۆر کەمە."
دەشڵێت: "کاژێر 8:20 بە درۆن خولەک هێرشکرایە سەر زیندانییەکە ، چەتەکانی هەتەشە هێرشدەکەنە سەر زیندانییەکە، ئەو هێرشانە مەترسی دروستکردووە چەکدارانی داعش هەوڵی هەڵاتن دەدەن ،شەڕڤانێکی هەسەدە لە هێرشەکەی ئەمشەو برینداربوو.''
ئەوانەی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبیی سووریا شەهیدبوون، کوردن، هەموویان پیاون و ژنیان تێدا نییە، شەڕڤانان لەنێو گرتووخانەکەدا لەگەڵ چەند رۆژنامەڤانێک داوای "هاوکاریی بەپەلە" دەکەن، دژوار کۆبانێ دەڵێ: "جێگەی سەرسوڕمانە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پاراستنی زیندانییەکەی بەلاوە گرنگ نییە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ