رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، رۆژی هەینی رووبەڕووی 30 مووشەک و درۆن بوونەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون؛ دەشڵێت، لە سەرەتای هێرشەکانەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2000 مووشەک و درۆنیان تێکشکاندووە.
رۆژی هەینی 20-03-2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات بڵاویکردەوە، توانیویانە چوار مووشەکی بالیستی و 26 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکبشکێنن کە لە لایەن ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات توانیویەتی 338 مووشەکی بالیستی، 15 مووشەکی کرووز و 1740 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) تێکبشکێنێت.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە، دوو کارمەندی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان لە کاتی ئەرکەکەیاندا گیانیان لە دەستداوە. هەروەها شەش مەدەنی کە خەڵکی وڵاتانی (پاکستان، نیپال، بەنگلادیش و فەڵەستینن گیانیان لە دەست داوە.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەت، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 158 کەس بریندار بوون، کە پێکدێن لە هاووڵاتیی ئیماراتی و رەگەزنامە جیاوازەکانی وەک (میسری، سوودانی، عێراقی، ئێرانی، عومانی، ئەردەنی، سویدی و چەندین وڵاتی دیکە).
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک کە ئاسایشی دەوڵەت بکاتە ئامانج و رایگەیاندووە: "بە تووندی بەرپەرچی هەر هەوڵێک دەدەینەوە کە بیەوێت سەقامگیریی وڵات تێکبدات، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان."
لە 28ی شوبات هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، لە هەمان رۆژدا ئێران وەڵامی هێرشەکانی دایەوە. لە چوارچێوەی وڵامدانەوەکەدا ئێران هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو، لەوانەش ئیمارات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ