ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران؛ "ترەمپ بژاردەی دەستپێکردنەوەی جەنگی لەبەردەمە"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی تووندی ئاراستەی تاران کردووە و هۆشداری پێداوە کە دەستوەردان نەکات لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەستیپێکردووە

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس کە دەڵێ لە بەرپرسێکی ئەمریکی وەریگرتووە، کۆشکی سپی ویستوویەتی لە رێگەی ئەم پەیامە نهێنییەوە رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بکات.
 
ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێیان وایە ئەگەر دیپلۆماسی بگاتە بنبەست، ئەوا ترەمپ لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دەردەکات.
 
سەرەڕای هێرشەکانی رۆژی دووشەممەی ئێران، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، "ئاگربەست هێشتا بەردەوامە".
 
هێگسەس هێرشەکانی ئێرانی بە "خوار ئاستی دەستپێکردنەوەی جەنگ" ناوبرد و گوتی: "ئێمە چاوەڕێمان دەکرد لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی هورمزدا هەندێک ئاڵۆزی دروست بن. هەندێکجار سوپای پاسداران کارێک دەکات کە لە دەرەوەی ویستی دانوستاندنکارانی ئێراندایە، ئەرکی ئەوانە کۆنترۆڵیان بکەن بۆ ئەوەی زەوینە بۆ رێککەوتن خۆش بێت."
 
پڕۆژەی ئازادی و ترسی کۆمپانیاکان
 
ئۆپەراسیۆنی (پرۆژەی ئازادی) کە رۆژی یەکشەممە ترەمپ لە رێگەی پلاتفۆڕمی ترووس سۆشیەڵەوە ئاماژەی پێکرد، لە 24 کاژێری یەکەمیدا نەیتوانیوە جووڵەی نەوت و کاڵا لە تەنگەی هورمزدا ئاسایی بکاتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی دووشەممە دوو کەشتیی ئەمریکی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون و رۆژی سێشەممەش هیچ کەشتییەک تێنەپەڕیوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی هێشتا متمانیان بە پارێزراویی رێڕەوەکە نییە.
 
لە بەرامبەردا محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ئێران لە رێگەی وەڵامدانەوەکانی رۆژی دووشەممەوە توانیویەتی "هاوکێشەیەکی نوێ" دروست بکات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیریی پاکستان "بەرەو پێش دەچن" و داوای لە ئیدارەی ترەمپ کرد رێگە نەدات "نەیاران" دووبارە پەلکێشی ناو جەنگی بکەنەوە.
 
سەرەڕای قسەکانی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لەبارەی بەردەوامیی ئاگربەست، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، رۆژی سێشەممە ئێران هێرشێکی نوێی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر وڵاتەکەی و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات بەرپەرچی داوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە