عەلی زەیدی: عێراق دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکا بگێڕێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشت. زەیدی رایگەیاند، عێراق ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن بگێڕێ.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، مەسعود پزیشکیان پەیوەندی بە عەلی زەیدییەوە کردووە و بەبۆنەی راسپاردنییەوە پیرۆزبایی لێکردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو و وڵات و رێگەکانی پەرەپێدانی هاوئاهەنگییەکان کراوە؛ هەروەها هەردوولا رێککەوتوون لە قۆناخی داهاتوودا سەردانی وڵاتی یەکدی بکەن.
 
سەبارەت بە رۆڵی ناوچەیی عێراق، عەلی زەیدی باسی لەوە کردووە کە عێراق پشتیوانی لە رێگەچارەی دیپلۆماسی و دیالۆگ دەکات بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
 
هەر لەو پەیوەندییەدا عەلی زەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی توانای هەیە وەک نێوەندگیر لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا رۆڵ بگێڕێ، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ راسپێردرا و 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە