راپۆرتێک: دیموکراتەکان بۆ شکاندنی بێدەنگی لەسەر چەکە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل گوشار دەخەنە سەر ترەمپ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵێک لە یاسادانەران لە پارتی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن بە فەرمی دان بە هەبوونی بەرنامە ئەتۆمییە "رانەگەیێندراوەکەی" ئیسرائیلدا بنێت. ئەم هەنگاوە بەواتای کۆتاییهێنان دێت بە سیاسەتێکی چەندین دەیەی واشنتن و "پشتڕاستکردنەوەی ئەو نهێنییەیە کە لە کۆتایی ساڵانی شەستەکانەوە دەزگا هەواڵگرییەکان دەیزانن."
 
لە نامەیەکدا بۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە دەستی رۆژنامەی (واشنتن پۆست) کەوتووە، 30 یاسادانەر بە سەرکردایەتیی یواکین کاسترۆ رایانگەیاندووە، بێدەنگیی واشنتن لەسەر ئەم پرسە لە کاتی جەنگی ئێران و مەترسیی زیادبوونی کردە سەربازییەکان، چیدیکە پاساوی نییە. 
 
یاسادانەرەکان لە نامەکەدا نووسیویانە: "مەترسییەکانی هەڵە تێگەیشتن، زیادبوونی گرژییەکان و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەم ژینگەیەی ئێستادا تەنیا گریمانە نییە."
 
ئەوان باس لەوە دەکەن، کۆنگرێس بەرپرسیارێتیی دەستووریی لەسەر شانە کە بە تەواوی لە هاوسەنگیی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاگادار بێت، بەڵام پێیان وایە تاوەکو ئێستا ئیدارەی ئەمریکا زانیاریی پێویستی لەو بارەیەوە پێنەداون.
 
بەگوێرەی واشنتن پۆست، ئیسرائیل بە نهێنی لە ساڵی 1950ـەوە دەستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانی پێدا نەناوە و هیچ بنەمایەکیشی بڵاونەکردووەتەوە کە ئەم چەکە چۆن بەکاردەهێنێت.
 
ئەڤنەر کۆهین، مێژوونووسی دیاری بواری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیسرائیل دەڵێ، ئەم نامەیە تابوویەکی شکاندووە کە زیاتر لە نیو سەدەیە بەردەوامە. کۆهین ئاماژە بەوە دەکات: "ئەمە شتێکە پێشتر خەڵک نەیوێراوە بیکات، تەنانەت ورووژاندنی ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی گشتی، لادانە لەو نەریتەی کە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لەسەری رێککەوتبوون."
 
رۆژنامەکە دەڵێ، مێژووی ئەم بێدەنگییەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنێکی نافەرمیی نێوان ریچارد نیکسن، 37ەمین سەرۆکی ئەمریکا کە ساڵی 1969 تاوەکو 1974 سەرۆک بوو و گۆڵدا مایەر، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ساڵی 1969، کە تێیدا واشنتن سیاسەتی "تەمومژاویبوونی ئەتۆمی"ـی ئیسرائیلی پەسند کرد و پاراستی لەوەی بکەوێتە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتییەوە.
 
گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دیموکراتەکان
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم داواکارییە رەنگدانەوەی بێزاریی قووڵی نێو پارتی دیموکراتە بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت دوای کوژرانی هەزاران سڤیل لە غەززە، کەرتی رۆژئاوا و لوبنان. بەپێی راپرسییەکی سەنتەری (پیو)، 80٪ـی دیموکراتەکان ئێستا بە چاوێکی خراپ تەماشای ئیسرائیل دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 ئەو رێژەیە تەنیا 53٪ بوو.
 
جێرمی شەپیرۆ، بەرپرس لە ئیدارەی ئۆباما دەڵێ: "زۆربەی دیموکراتەکان ئێستا گۆڕانکاریی ریشەییان لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەوێ. یەکەم گۆڕانکاریش ئەوەیە کە واشنتن بە هەمان پێوەری وڵاتانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیل بکات لە پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیدا."
 
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێ، بە (واشنتن پۆست)یان گوتووە، گفتوگۆ لەنێو ئیدارەکەدا هەیە لەبارەی ئەوەی چ شتێک دەبێتەهۆی ئەوەی ئیسرائیل وەڵامی ئەتۆمی هەبێت. نیگەرانییەکە ئەوەیە کە رەنگە "هێڵە سوورەکانی" ئیسرائیل زۆر نزمتر بن لەوەی واشنتن پێشتر خەمڵاندبووی. 
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، یەکێک لە سیناریۆ مەترسیدارەکان ئەوەیە، ئەگەر سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەهۆی لێشاوی مووشەکی دراوسێیەکانییەوە پەکبکەوێ و ژمارەی قوربانییە سڤیلەکانی زۆر بەرز ببێتەوە، ئایا ئیسرائیل پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی دەبات؟ ئەم پرسە لەنێو ئیدارەی ئەمریکادا "بەردەوام" باسی لێوە دەکرێت. 
 
لە مانگی ئاداری رابردوودا، مووشەکەکانی ئێران پێکانی شارەکانی (دیمۆنا و عەراد)ـیان لە نزیک بنکە سەرەکییەکانی توێژینەوەی ئەتۆمیی ئیسرائیل تۆمارکرد، هەرچەندە رووداوی تیشکدانەوەی لێنەکەوتەوە، بەڵام کەلێنە ئەمنییەکانی سیستمی بەرگریی ئیسرائیلی دەرخست.
 
لە کۆتایی نامەکەدا یاسادانەرەکان داوای زانیاریی وردیان لە روبیۆ کردووە لەبارەی ئاستی پیتاندنی ئیسرائیل و شوێنی بەرهەمهێنانی مادە ئەتۆمییەکان. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران؛ "ترەمپ بژاردەی دەستپێکردنەوەی جەنگی لەبەردەمە"

بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ پەیامێکی تووندی ئاراستەی تاران کردووە و هۆشداری پێداوە کە دەستوەردان نەکات لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەستیپێکردووە