ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵای هێزی رەزوانی حیزبوڵڵای لە بەیرووت کوشت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی نزیک لە (حیزبوڵڵا)ـی لوبنانی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت، فەرماندەیەکی باڵای هێزی دەستەبژێری (رەزوان) کوژرا. ئەمە یەکەم هێرشی لەو شێوەیەیە بۆ سەر ئەو ناوچەیە لە ماوەی نزیکەی مانگێکدا.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پشتڕاستی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی "فەرماندەی هێزی رەزوانی حیزبوڵڵا"یان کردووەتە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو گرووپەکە بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی رایگەیاند، کوژراوەکە ناوی (مالیک بەلووت)ـە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی رەزوان بووە.
 
ئاژانسی فەرمیی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەی (غوبەیری) لە باشووری بەیرووت، کە پێگەیەکی سەرەکیی حیزبوڵڵایە. هاوکات رۆژنامەڤانانیش باسیان لەوە کردووە، دووکەڵی چڕ لە شوێنی بۆردوومانەکە بەرزبووەتەوە.
 
گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت لە دوای 8ـی نیسانی رابردووەوە لە هێرشەکانی ئیسرائیل پارێزراو بوون؛ لەو رۆژەدا زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 350 کەس لە سەرتاسەری لوبنان.
 
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "دەرفەتێکی زۆر باش" لە ئارادایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران.
 
حیزبوڵڵا لە رۆژی 2ـی ئاداری ئەم ساڵەوە بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل وەک پاڵپشتییەک بۆ ئێران، لوبنانی پەلکێشی ناو جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کەس، بەتایبەتی لە باشوور، رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت.
 
سەرەڕای ئەوەی لە 17ـی نیسانی رابردووەوە رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەک و حیزبوڵڵاش بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل وەڵامی داوەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی زەیدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق

عەلی زەیدی: عێراق دەتوانێت رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکا بگێڕێ

عەلی زەیدی، بەربژێری راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشت. زەیدی رایگەیاند، عێراق ئامادەیە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان تاران و واشنتن بگێڕێ.