رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی (CMA CGM)ی فەرەنسایی رایگەیاند، یەکێک لە کەشتییە زەبەلاحەکانیان لە نێو تەنگەی هورمز هێرشی کراوەتە سەر. ئەم رووداوە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا، پڕۆژەی پاسەوانیکردنی کەشتییەبازرگانییەکان کە بە "پڕۆژەی ئازادی" ناودەبرێ لە ناوچەکەدا رابگرێ.
کۆمپانیا فەرەنساییەکە، ئەمڕۆ، 6-5-2026 لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد کە کەشتیی (سان ئەنتۆنیۆ) لە کاتی تێپەڕبوونی بە تەنگەی هورمزدا، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە زیان بە کەشتییەکە گەیشتووە و چەند ئەندامێکی ستافەکەشی بریندار بوون. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بریندارەکان بە مەبەستی چارەسەرکردن لە کەشتییەکە گواستراونەتەوە.
ئەم کەشتییە کە ئاڵای وڵاتی ماڵتای لەسەرە، دوو رۆژ دوای ئەوە هێرشی کرایە سەر کە ئەمریکا "پڕۆژەی ئازادی" بۆ هاوکاریکردنی کەشتییەکان راگەیاندبوو. رۆژی سێشەممە ترەمپ رایگەیاند،پڕۆژەکە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان رادەگرن تاوەکو دەرفەت بدەنە گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست، بەڵام پێکرانی ئەم کەشتییە نیشانی دەدات کە هێشتا مەترسییەکان لەسەر رێڕۆ ئاوییەکان وەک خۆیان ماون.
جەنگەکە لە 28ـی شوباتی 2026 بە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. تاران لە وەڵامدا تەنگەی هورمزی داخست و وەک کارتێکی گوشار دژی واشنتن و هاوپەیمانەکانی بەکاری دێنێت.
هەرچەندە لە 8ـی نیسانەوە ئاگربەستێکی کاتی لە ئارادایە، بەڵام ئێران تاوەکو ئێستا رەتیدەکاتەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەم رێڕۆ ستراتیژییەدا کەم بکاتەوە یان رادەستی هێزە نێودەوڵەتییەکانی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ