رووداو دیجیتاڵ
هیچ نیشانەیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە نییە، ئەمەش وایکردووە ژمارەی ئەو وڵاتانەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێن، رۆژ بە رۆژ زیاد بکات. کە دوایینیان پۆرتوگال بوو.
رۆژی شەممە، وەزارەتی دەرەوەی پۆرتوگال رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا دەنێن.
کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی یەکشەممە، 21-09-2025 ئەنجامدەدرێت.
پێشتر چەند وڵاتێکی دیکە نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لە کۆبوونەوەی بەیانیی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربڕیبوو.
فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بڕیاریان داوە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دا بنێن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر دژی بڕیارەکە وەستاوەتەوە و بە "خەڵاتکردنی تیرۆر" ناوی بردووە.
ئەمریکا، ئەندامی هەمیشەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیل دژایەتیی خۆی بۆ بڕیارەکە راگەیاندووە. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکە ئەم هەفتەیە لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دژایەتیی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی.
193 وڵاتی جیهان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن. لەوانە، سێ لەسەر چواریان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین دا ناوە.
داننان بە دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن ئەو وڵاتانەوە لەکاتێکدایە، سەرباز و تانکەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشڕەوی کردن لە نێو کەرتی غەززە.
جەنگی غەززە لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی باشووری ئیسرائیل. بەگوێرەی ئیسرائیل، حەماس لە هێرشەکەی دا 1200 کەسی کوشتووە و 250ـی دیکەی بە بارمتە گرتووە.
تەندروستیی کەرتی غەززەش دەڵێت، لانیکەم 65 هەزار و 141 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ