سوپای ئیسرائیل: 203 کەس بەدیلگیراون و چارەنووسی 100 بۆ 200 کەسی دیکەش نادیارە

20-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، 203 کەسیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بە دیل و بارمتە گیراون. چارەنووسی 100 بۆ 200 کەسی دیکەش دیارنیە، دەشڵێت، "هیچ زانیارییەکی تەواومان لەبەردەستدا نییە بیسەلمێنێت ئەوان لە ژیاندا ماون."
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند بەهۆی شەڕەکانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا 203 خێزان پێیانڕاگەیاندوون کە کەسوکارەکانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بەتایبەت حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە رفێندراون، جگە لەوەش تاوەکو ئێستا چارەنووسی 100 بۆ 200 کەس نادیارە.
 
سەبارەت بەو کەسانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینەوە بەدیل و بارمتە گیراون، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە: "لەنێو رفێندراواندا 30 منداڵ هەن کە تەمەنیان لە خوار 16 ساڵانە، جگە لەوەش 10 بۆ 20 کەسیان تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە، هەشت بۆ نۆ وڵاتی بیانیش گوتوویانە کە هاووڵاتیانیان لەنێو رفێندراواندا هەن."
 
بەپێی سوپای ئیسرائیل بەشێک لە دیلەکان دوای برینداربوونیان کەوتوونەتە دەست ئەندامانی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئەگەری هەیە ئەو گرووپانە چەند تەرمێکیشیان لەگەڵ خۆیان بردبێت.
 
نووسینگەی میدیایی حکومیی فەلەستین، نوێترین ئاماری تایبەت بە شەڕەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوێکی ئەو نووسینگەیەدا هاتووە بەهۆی شەڕەوە تائێستا سێ هەزار و 785 فەلەستینی کوژراون و 12 هەزار و 493ـی دیکە برینداربوون، هەروەها دەڵێت 65٪ـی قوربانیان ژن و منداڵن.
 
شەوی دووشەممە، 16-10-2023 ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتیبەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامی - حەماس، لەبارەی ژمارەی ئەو دیلانەشی لەلای ئەوانن گوتی "لەنێوان 200 بۆ 250 دیل دەبن و رەنگە زیاتریش بن، ئەوەی لەلای کەتیبەکانی قەسامن نزیکەی 200 دیل دەبن و ئەوانی دیکە لەلای گرووپەکانی دیکەی بەرگرین، یان لە شوێنی دیکەن."
 
سەبارەت بەو دیلانەشی لەلای ئەوان بوون و گیانیان لەدەستداوە، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند: "هێرشەکانی دوژمن بووەتە هۆی کوژرانی 22 دیل، دواینیان هونەرمەند گای ئۆلیڤز بوو کە 26 ساڵ بوو و دانیشتووی تەلئەڤیڤ بوو و دوێنێ کوژرا."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە