رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران دڵگرانی کردین و دەڵێت شاندێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پرسەکەیاندا دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە پرسەی سەرۆککۆماری ئێران و یاوەرانی، سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێرانی لە هەولێر کرد.
دواتر هەر لە کۆنسوڵخانەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی هاوخەمیی خۆمان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە رێگەی کۆنسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی رابەرایەتی، سەرۆکایەتی، حکومەت و گەلی ئێران بکەین و هیوداراین ئەمە دوا ناخۆشی گەلی ئێران بێت."
بڕیار وابوو لە چەند رۆژی داهاتوودا ئیبراهیم رەئیسی سەردانی بەغدا و هەولێریش بکات.
مەسرور بارزانی لەو بارەیەوە گوتی: "چاوەڕێ بووین دوای چەند رۆژێکی تر لە هەولێر پێشوازی لە سەرۆککۆماری ئێران بکەین، بەڵام بەداخەوە ئەم رووداوە دڵتەزێنە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و هاوڕێکانیان، ئەوەش دڵگرانی کردین. هیوادارین ئەمە دواناخۆشیی گەلی ئێران بێت و هیوادارین ئەم رووداوانە ببنە هۆی لێکنزیکبوونەوەی گەلان."
ئەوە لەکاتێکدایە، کاژێر 01:00ـی نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند وەزیر و بەرپرسێکی دیکە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بەنداوی (قیز قەلعەسی)ـیان لە پارێزگای تەورێز کردەوە، دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە بۆ بەسەرکردنەوەی پرۆژەیەکی پاڵاوگەی نەوت بە سێ هێلیکۆپتەر بەرەو تەورێز بەڕێکەوتن، بەڵام لە رێگە هێلیکۆپتەری سەرۆککۆمار کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ