ئیسرائیل تەقە لە شاندێکی دیپلۆماسیی ئەورووپا دەکات

21-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل تەقە لە شاندێکی دیپلۆماسیی وڵاتانی ئەورووپا دەکات، کە سەردانی شاری جنینیان لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین کردبوو. دوای رووداوەکەش وڵاتانی ئەورووپا سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد، حکومەتی ئیتاڵیاش وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی بانگهێشتی باڵیۆزی ئیسرائیلی کرد. 
 
رۆژی چوارشەممە، شاندێکی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەورووپا سەردانی شاری جنینیان لە کەناری رۆژئاوای فەلەستین کرد، ئەویش بەمەبەستی بینینی دۆخی ئەو ناوچەیە، لەدوای چەندین مانگ لە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچەیە بەپاساوی ئەوەی شانەی نووستووی حەماسی لێیە.
 
لە دوای رووداوەکە، هەرزوو سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەرچەندە سەردانەکە لەلایەن ئەوانەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام "شاندەکە لە رێڕەوی پەسندکراوی خۆیان لایانداوە و سەربازانی ئیسرائیلیش لە دوورەوە تەقەیان بە ئاسماندا کردووە، وەکو ئاگادارکردنەوە تاوەکو شاندەکە لە ناوچەکە دووربکەونەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە، ناوچەی شەڕە." 
 
سوپای ئیسرائیل داوای لێبووردنی کرد و راشیگەیاند پەیوەندی بە سەرجەم ئەو وڵاتانەوە دەکەن، کە ئەندامانی شاندەکە لێوەی هاتوون. 
 
شاندە دیپلۆماسییەکە؛ لە 30 دیپلۆماتکار پێکهاتوون و دیپلۆماتکارانی وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، چین، ژاپۆن و مەکسیکیان تێدایە. 
 
رووداوەکە کاردانەوەی وڵاتانی ئەورووپای لێکەوتەوە. لە برۆکسل، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا؛ رایگەیاند پێویستە ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەو رووداوەی سوپای بکات و لێپێچینەوەش لەوانە بکات کە بەرپرسیارن. گوتیشی "هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر گیانی دیپلۆماتکاران، جێی قبوڵکردن نییە." 
 
هەرچی حکومەتی ئیتاڵیایە، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتییەک، بڕیارە بانگهێشتی باڵیۆزی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی بکات و داوای لێ دەکات روونکردنەوە لەبارەی رووداوەکەی کەناری رۆژئاوا بدات. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیاش بە تووندی سەرکۆنەی ئەو کردەوەیەی سوپای ئیسرائیلی کرد و رایگەیاند "ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئیسپانیا لەنێو شاندەکە بوون کە سەلامەتن و ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار لەسەر هێلین تاوەکو هەڵوێستێکی هاوبەشمان بەرامبەر بەوەی روویدا هەبێت." 
 
هەرچی ماکسیم پریڤۆت، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاندە "دەبێت ئیسرائیل روونکردنەوەیەکی باوەڕپێکراویان بداتێ." 
 
ئەو سیاسەتڤانە بەلجیکییە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەڵێت: "شۆک بووین بەوەی روویدا." 
 
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵە، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی لەشاری جنین و بەتایبەت لە کامپی ئاوارەکان دەستپێکردووە، بەپاساوی ئەوەی پاشماوەی چەکدارانی حەماس لەو کامپە هەن. 
 
لە مانگی ئاداری رابردووش، رێکخراوی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تایبەتە بە هاوکاریکردنی ئاوارەکانی فەلەستین، رایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلەوە، لانیکەم 16 هەزار کەش لە جنین ئاوارە بوون. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە