رووداو دیجیتاڵ
46 رۆژە زیاتر لە 240 بارمتەی سڤیل و سەربازی ئیسرائیلی لای حەماس دەستبەسەرن و نەتەنیاهووش لەنێو گردبوونەوەیەکی تایبەت بە کەسوکاری بارمتەکان بەڵێنی شاعیرانەی پێدان.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "ئامانجی سەرەکیمان، یەکەم سەرکەوتنی تەواو بەسەر حەماس و گەڕانەوەی بارمتەکانمانە؛ دووەم حەماس یان گرووپێك هاوشێوەی حەماس نەگەڕێتەوە دەسەڵات".
خەریکە گومان لە بەڵێنەکانی نەتەنیاهوو درووست دەبێت و بەشێك لە کەسوکاری بارمتەکانیش لە حکومەت تووڕەن.
ئودی گۆرین، یەکێکە لە کەسوکاری بارمتەکان و دەڵێت، "کاتێک ئێمە لەگەڵ حکومەت کۆبووینەوە پێیان گوتین لەنێوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان وەک یەک گرنگە، بەڵام بەداخەوە ئێمە پێمانوایە حکومەت راست ناکات بەڵکو ئەوەی کە گرنگە بە لایانەوە سەرەتا لەنێوبردنی حەماسە، باشە ئێمە پرسیار دەکەین، ئەی ئەگەر لەنێوبردنی حەماس مانگ یان ساڵی خایاند؟ ئێمە چی بکەین؟ ئەوە بە ژیانی خەڵکەوە بەستراوەتەوە و دەبێت حکومەت بیکاتە ئامانجی لەپێشینەی خۆی".
تائێستا جگە لە ئازادکردنی چواریان و بینینی دیمەنی سیانیان هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخ و شوێنی مانەوەی بارمتەکانی دیکە نازانرێت.
ئەوە سەرەڕای هێرشی ئاسمانی و زەوینی بەردەوامی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کە سەرووی 13 هەزار کوژراو و 32 هەزار بریندار و شەش هەزار بێسەروشوێن و وێرانبوونی سەرخان و ژێرخانی کەرتەکەی لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ