رووداو دیجیتاڵ
یەخیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاوشانی ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەی، سەردانی هێزەکانیان لە باشووری رۆژئاوای سووریای کردووە.
لایتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەو ناوچەیەی سووریا گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوە و ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل بەشداربووم لە سەردانێکدا بۆ بنکە سەربازییەکانی سوپای بەرگریی ئیسرائیل لە باشووری رۆژئاوای سووریا، لە نزیک ئەو شوێنەی کە زیاتر لە 500,000 هاووڵاتیی سڤیلی دروزیی لێ دەژین."
باڵیۆزی ئیسرائیل جەختی لەسەر دۆخی مەترسیداری دروزەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا زۆر لە گوندە دروزییەکانی نزیک ئەو ناوچەیە، تەنیا چەند مانگێک لەمەوبەر رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.
کایتەر پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و دروزەکانی بە "دراوسێ و خوشک و برا" وەسفکرد و دووپاتیکردەوە: "ئێمە پابەندین بە سەلامەتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییان. رێگە نادەین میلیشیا چەکدارەکان یان سوپا دوژمنکارەکان هەڕەشە لە سنوورەکانمان یان هاوپەیمانەکانمان بکەن."
سەردانەکەی ئیسرائیلیەکان رۆژی چوارشەممەی رابردوو بوو. بەگوێرەی گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، دەیڤد زینی، سەرۆکی دەزگەی ئاسایشی شین بێت، یاوەری شاندەکە بووە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا "بە تووندترین شێوە" سەردانە "ناشەرعییەکەی" سەرکردە ئیسرائیلییەکانی بۆ باشووری سووریا سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی کۆماری عەرەبیی سووریا و یەکپارچەیی خاکەکەی" ناوبرد.
سووریا و ئیسرائیل بە فەرمی لە ساڵی 1948ـەوە لە دۆخی جەنگدان.
لەدوای کەوتنی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، سووریا کەوتە نێو قۆناخێکی نوێی مەترسیدار. لەو بۆشایی دەسەڵاتەی دواتر دروست بوو، ئیسرائیل هاتە ناوەوە و دەستی بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر باشووری سووریا کرد.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا، جەختی کردووەتەوە کە سووریا نایەوێت شەڕ لەگەڵ دراوسێکانیدا بکات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گوشار لە ئیسرائیل بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ