فڕۆکەیەکی جەنگیی هیندستان لە پێشانگەی ئاسمانیی دووبەی تێکشکا

21-11-2025
تەها سۆڵەیى
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەکی جەنگیی هیندستان لەکاتی نمایشی فڕیندا لە پێشانگەی ئاسمانیی دووبەی تێکشکا و بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستدا. ئەمە بە یەکەم رووداوی تێکشکانی فڕۆکە دادەنرێت لە مێژووی پێشانگەکەدا.
 
رۆژی هەینی 21-11-2025 فڕۆکە جەنگییەکە بە دووری نزیکەی 1.6 کیلۆمەتر لە شوێنی پێشانگەکە کەوتە خوارەوە و گڕی گرت.
 
نووسینگەی راگەیاندنی حکومیی دووبەی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری تێجاس کە ئەمڕۆ بەشداری لە نمایشی فڕینی پێشانگەی ئاسمانیی دووبەیدا دەکرد، تێکشکا و بووە هۆی مردنی تراژیدیی فڕۆکەوانەکە."
 
گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوبوونەتەوە، نیشانی دەدەن فڕۆکەکە بە خێراییەکی زۆر دەکەوێتە خوارەوە و لەگەڵ پێکداداندا دەبێتە تۆپەڵێک ئاگر، لە کاتێکدا ئامادەبووان بە شۆکەوە سەیریان دەکرد. دووکەڵێکی چڕ لە شوێنی رووداوەکە بەرزبووەوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری بە خێرایی بەرەو شوێنەکە رۆیشتن.
 
رووداوەکە لە دوایین رۆژی گەورەترین پێشانگەی ئاسمانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روویدا، کە هەموو پاشنیوەڕۆیەک نمایشی فڕینی تێدا دەکرێ. سەدان کەس لە شوێنی تایبەتی تەماشاکەرانەوە سەیریان دەکرد، لە کاتێکدا گۆڕەپانی پێشانگەکە پڕبوو لە فڕۆکە و هێلیکۆپتەر و کەرەستەی دیکە کە بۆ نمایش دانرابوون.
 
ئەم هەفتەیە هەزاران کەس، لەنێویاندا سەرکردەکانی پیشەسازیی فڕۆکەوانی و بەرپرسانی سەربازی، ئامادەی پێشانگەکە بوون.
 
هێزی ئاسمانیی هیندستان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستپێدەکات و لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزی ئاسمانیی هیندستان زۆر نیگەرانە و لەم کاتە خەمگینەدا لەگەڵ خێزانی خوالێخۆشبوودا دەوەستێتەوە."
 
ئەمە یەکەم رووداوی تێکشکانی فڕۆکەیە لە مێژووی پێشانگەی ئاسمانیی دووبەیدا، کە مێژووی دەستپێکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1986.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە